سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.
مەسرور بارزانی، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک وتی: “نزیکەی هەموو مانگێک، ئێمە یەک ملیار دۆلار لەدەست دەدەین، واتە کۆی گشتی زیاتر لە 20 ملیار دۆلارمان لەدەستداوە لە ئەنجامی وەستانی هەناردەی نەوتی کوردستان. بەداخەوە ئەمە زیان بە هەموو وڵاتەکە دەگەیێنێت، بەڵام بێگومان، ئەو بەشەی وڵات کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کوردستانە.”
ڕاشیگەیاند: “بەداخەوە ئەو زیانانەی بەرمانکەوتوون، قەرەبوو نەکراونەتەوە، بۆیە دەبینین مووچە دوادەکەوێت، دەبینی داهاتی عێراق بەگشتی کەمبووەتەوە، کە ئەوە لە بەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیشدا نییە.”
ئاماژهی بهوهشكرد، “بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق گەیشتوە و تا ئێستا قەرەبومان نەکراوەتەوە، بێجگە لەمەش مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دوادەخرێت”.
ڕاشیگهیاند، نیگەرانن لەو شەڕانەی ئێستا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەن و نایانەوێت عێراق ببێتە بەشێک لەو شەڕە و هەمو هەوڵێک بۆ ئەو مەبەستە دەدەن، دهشڵێت، “ڕاگرتنی ههناردهی نهوتی ههرێمی كوردستان زیانی زۆری ههبوه”.
بەربەستی سەرەکیی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رێکنەکەوتنی بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
لە گرێبەستی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، تێچووەکە بە سەرووی 26 دۆلار دانراوە، بەڵام لە یاسای بودجەی عێراقدا 8 دۆلارە.
سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتی عێراق نیازی خۆی ئاشکرا کرد کە پێشنیازێکی پێشكێش بە پەرلەمانی عێراق بکات بۆ ئەوەی یاساکە لەسەر تێچووی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک هەمواربکاتەوە. هێشتا دیار نییە کەی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *