جۆینی تیلیگرام بن

هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ده‌والی گون

هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ده‌والی گون

٧ڕۆژ

ده‌والی گون بریتیە لە ئاوسان و پێچاوپێچ بونی خوێنهێنەرەکانی گون کە خوێن لە گونەکانەوە بەرەو دڵ دەبەنەوە، بەمەش تورەگەی گون وەک تورەگەیەکی پڕ لە کرم خۆی نیشان ئەدات، دكتۆر هیوا پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ له‌م بابه‌ته‌دا ورده‌كاری ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ڕونده‌كاته‌وه‌.

١٥٪ ی هەموو پیاوان هەیانە و لەو ١٥٪یە تەنها ٣٠٪ یان پێویستیان بە نەشتەرگەری دەبێت! واتا ٧٠٪ یان پێویستیان بەنەشتەرگەری نابێت و بەزۆری٩٠٪ ی لە گونی چەپە و ١٠٪ی لەهەردولایە.

هۆکاری نەزۆکی سەرەتاییە(لەسەرەتاوە مناڵیان نیە) لە ٢٠-٤٠٪ ی پیاوان، هۆکاری نەزۆکی دوەمیە(پێشتر مناڵیان بوە) لە ٤٥-٧٥٪ ی پیاوان.

هۆکارە بۆ بەرزبونەوەی پلەی گەرمی تورەگەی گون( کە دوو پلەی لە پلەی گەرمی لەش کەمترە)و قەتیس بوونی خوێن و چەندین جۆر تەنی ژەهراوی کە دواجار کاریگەری نەرێنی ئەکەنە سەرفرمانی خانەکانی دروستکەری تۆو”سێرتۆلی”و کوالیتی سپێرمەکان ئەشێوێنن، بەدەگمەنیش قەبارەی گون بچوک ئەکاتەوەو ڕەنگە لاوازی سێکسی دروست بکات، بەتایبەت ئەگەر هەردولابێت.

هۆکارەکان:

1- دەماری خوێنهێنەری گونەکان زمانەیان هەیە، کەبەهۆیانەوە خوێن لە گونەکانەوە سەردەخەن بۆ دڵ، لەکاتی باش دانەخرانی ئەو زمانانە خوێنەکە پەنگ ئەخواتەوەو ئەگەڕێتەوە بۆ گونەکان وبەمەش دەماری خوێنهێنەری گون ئەستور و پێچاوپێچ دەبن و کێشە بۆ تەندروستی گونەکان دروست ئەکەن.

2-خوێنهێنەری لای چەپی گون درێژە و بەگۆشەی تیژی ٩٠ دەچێتە ناو خوێنهێنەری گورچیلە ئینجا دەچێتە شاخوێنهێنەری گەورە، بەمەش سەرکەوتنی خوێن پیایدا زەحمەتترە، بۆیە دەوالی ٩٠٪ی لەگونی چەپ ڕوئەدات.

3-زۆربەی جار لەخۆوە ڕوئەدات، بەڵام ڕەنگە هەندێک جار بەهۆی نەخۆشیەوە بێت؛ بەتایبەت ئەگەر لەدوای پاڵکەوتن ئاوسانی دەوالیەکە کەم نەبۆوە، یان دەوالیەکە تەنها لەگونی ڕاست بوو، بۆیە پێویستی بەپشکنینی تر دەبێت.

نیشانەکانی دەوالی:

1- زۆربەی جار هیچ نیشانەی نیە.
2-ئازار و قورسی لەهێلکە گون؛ ئازاری کەم، مام ناوەند، هەندێک جاریش توند، بەتایبەت لەکاتی ماندوبون و زۆر بەپێوە وەستان.
3- ئازارەکە دوای پشودان و پاڵکەوتن کەمدەبێتەوە یان نامێنێت.
4- ئاوسان و گۆڕانی شێوە و قەبارەی تورەگەی گون.
5- لاوازی تۆی پیاو کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری دواکەوتنی وەچە خستنەوە.
6-ڕەنگە ببێتە هۆی پوکانەوەی هێلکەگون بەتایبەت لەقۆناغی هەرزەکاری.
7- لەدوا قۆناغەکانی دەوالی پشتگوێ خراو، ڕەنگە لاوازی سیکسی دروست بکات؛ هەرچەندە دەگمەنە.

پلەکانی دەوالی و دەستنیشانکردنیان:

1- پلەی یەکەم؛لە پشکنینی پزیشک بەدەست هەستی پێناکرێت و تەنها سۆنەری ڕەنگاەڕەنگ دەریئەخات؛ ئەم جۆرەیان زۆر باوەو بەدەگمەن کێشە دروست ئەکات و بەزۆری پێویستی بەچارەسەر نابێت.
2- پلەی دووەم؛ لەپشکنینی پزیشک بەدەست دەردەکەوێت تەنها ئەوکاتەی کەنەخۆش داوای لێدەکرێت هەناسەیەکی قوڵ هەڵکێشێت و دواتر بیەوێ هەناسەکە بداتەوە بەڵام دەم و کونی لوتی دابخات لۆ ئەوەی هەناسەکە دەرنەچێت و پاڵەپەستۆی ناوسکی نەخۆش بەرزبێتەوە(Valsalva)، ئەم جۆرەشیان بەدەگمەن کێشە دروست ئەکات بۆیە بەکەمی چارەسەری ئەوێت.
3- پلەی سێیەم؛ پزیشکی پسپۆری میزەڕۆ بەئاسانی بەدەست هەستی پێدەکات بەبێ Valsalva, ئەم جۆرەیان نەشتەرگەری ئەوێت ئەگەر: کوالیتی سپێرمەکان بشێوێنێ و کێشەی وەچەخستنەوە دروست بکات، ئازارێکی زۆر و بێزارکەر دروست بکات کە تێکبگیرێت لەگەڵ چالاکی ڕۆژانەی کەسەکە.
4- پلەی چوارەم؛ لەکاتی پشکنین دەوالیەکە بەچاو دیارە، ئەم جۆرەیان زۆر کەمە و نەشتەرگەری لۆبکرێت باشترە.

کاتی نەشتەرگەری دەوالی و سودەکانی؟

1- ئازاری زۆری گون لەهەرزەکاران بەهۆی دەوالی؛ بەتایبەت ئەگەر لەهەردولابێت، یان لەیەکلا بێت کاتێک کەسەکە تەنها تاکێک گونی هەبێت.
2- ئەگەر لەکاتی چاودێریکردنی هەرزەکارەکە بەدەست یان بەسۆنەر؛ بینیت کە گەشەی هێلکەگونی لای دەوالیەکەی بەڕێژەی ٢٠٪ کەمترە بەراورد بەولایەی کە دەوالی نیە.
3- ئەگەر دوای پشکنینی تەواو بۆت دەرکەوت کەهۆکارێکی دیار و ڕۆن نیە بۆ دواکەوتنی وەچە خستنەوە لەکەسێک جگە لە دەوالیەکەی!”هەرچەندە مشتومڕو ڕاجیایی زۆری لەسەرە لەناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی جیهانی”.
4- ئەگەر پلەی دەوالیەکە پلەی چوارەم بوو؛ شێوەو قەبارەی تورەگەی گون ناڕێک بوو.
5-  بەگشتی ٧٠٪ ی ئەوانەی پێویستیان بەنەشتەرگەری دەوالی دەبێت بەڕێژەی ٥٠٪ کوالیتی سپێرمەکانیان باشتردەبێت لەدوای ٣-٦ مانگ.
6- نەشتەرگەری دەوالی ئەگەر لەکاتی پێویستدا ئەنجامدرا و لەگەڵ ئەوەش کەسەکە نەیتوانی بەشێوەیەکی سروشتی وەچە بخاتەوە، ئەوە بەلای کەمی ڕێژەی سەرکەوتنی منداڵی بلوری زیاتر دەکات.

چارەسەری دەوالی:

چارەسەری دەوالی گون تەنها نەشتەرگەریە، بەڵام ٦٠-٧٠٪ی ئەوانەی دەوالیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان نیە وژیانێکی ئاسایی دەژین و پێویستیان بەچارەسەر نابێت.

1- نەشتەرگەریەکە لەڕێی برینێکی بچوکی ٣-٤ سم ژێرەوەی سک و بەستنی دەمارە خوێنهێنەرە ئاوساوو پێچاپێچەکان ئەنجام ئەدرێت، کە باوترین ڕێگەیە و ڕێژەی سەرکەوتنی٩٠٪ە ئەگەر پزیشکی پسپۆری میزەڕۆی ئەزموندار بیکات.
بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ لەکاتی نەشتەرگەرییەکە ڕێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەریەکە زیاتر ئەکات.

2- نەشتەرگەری لەڕێگەی پێبینی سک؛ ڕێگەیەکی باونیە و ماکەکانی زیاترن.

3-نەشتەرگەری لەڕێی قەستەرە و داخستنی خوێنهێنەرەکان بەکۆیلی تایبەت؛ ئەمەش ڕێگەیەکی باونیە، بەڵام لەهەندێک شوێن جێگرەوەی نەشتەرگەریە.

ماک و ئاڵۆزیەکانی نەشتەرگەری دەوالی:

1- بەگشتی ٥-١٠٪ ئەگەری ڕودانیان هەیە.
2-ئەوانەی تەنها لەبەر ئازار نەشتەرگەریان لۆ ئەکرێ؛ڕێژەیەکیان ڕەنگە ئازارەکەیان بمێنێ یان تەنها کەمببێتەوە.
3- هەوکردنی شوێنی نەشتەرگەری.
4-ئاو کۆبونەوە لەدەوری گون.
5- دوبارە گەڕانەوەی دەوالی؛ زۆر کەم ڕوئەدات.
6- ئاوسانی کاتی و کۆبونەوەی کڵۆی خوێن.
7-پوکانەوەی هێلکە گون؛ دەگمەنە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو