زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەو پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و زۆرینەیان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون.. بەرپرسێک لە لیژنەی سەرژمێری دەڵێت، “ناوی هیچ کەسێک نانێردرێتەوە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و بە دانیشتووی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن”.
بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 688 هەزار و 975 کەسە. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 22 هەزار و 293 کەس لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاوارە و پەنابەرن، کە دەکاتە 15٪ـی کۆی دانیشتووان.
گوهدار محەممەد، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بەمیدیاکانی راگەیاندووە، “خەڵکی هەر شار و وڵاتێک بیت و لە هەرێمی کوردستان بژیت بە دانیشتووی ئێرە تۆمار دەکرێیت”.
وتیشی: “ئەوانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون ئەگەر لە هەولێر، سلێمانی یان دهۆک بژین بە دانیشتووی ئەو شارە تۆمار دەکرێن کەتێیدا دەژین و، ناو و تۆماری هیچ کەسێک نانێردرێتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی.
لەبارەی کوردی پارچەکانی دیکەوە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، رایگەیاند، لە هەر شارێک بن بە دانیشتووی ئەو شارە تۆمار دەکرێن و لە فۆڕمەکەدا ئاماژە بەو وڵاتە دەکرێت لێیەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *