٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
بۆچی هەوڵی دوورخستنەوەی سودانی دەدرێت؟
ئایا سودانی دەتوانێت لە پۆستەکەی وەک سەرۆک وەزیرانی عیراق بەردەوام بێت؟
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رووبەڕووی فشارێکی گەورەی سیاسی بووەتە تا رێگری لێ بکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نەتوانێت سەرکەوێت و پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد شیاع سودانی بە سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا ئەنجامدا.
هەرچەندە نەیتوانی هیچ بەڵێنێکی کۆنکرێتی بە لایەنە کوردییەکان بدات بەڵام، چاوی لەوەیە بە چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی کورد پێگەی خۆی لای لایەنە کوردییەکان بهێڵێتەوە تا بۆ خولی دووەمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتیوانی بکەن.
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی کەوتووەتە دژایەتیەکی سەخت و توندی سودانی، دەیەوێت بە هەر رێگەیەک بێت رێگری لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات.
ترسی بەشێک لە شیعەکان و بە دیاریکراوی نوری مالیکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، سودانی ببێتە یەکێک لە هێزە کاریگەرەکانی ناو ماڵی شیعە و چیتر نەتوانن هاوشێوەی رابردوو کاریگەرییان لەناو دەوڵەت و دامەزراوەکانیدا هەبێت.
عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی قوڵەوە ئیدارە دراوەو ئەو کابینە یەک لە دوای یەکانەی هاتوون، تەنیا جێبەجێ کاری بەرنامە و پلانی دەوڵەتی قوڵ بوون.
ئێستا محەمەد شیاع سودانی هەوڵی خۆبەهێزکردن ورووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی قوڵی ناو حکوومەتەکەی دەدات.
ئامانجی ئەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لیستی تایبەت بە خۆی هەبێت و بەشداری کارای هەڵبژاردنەکان بکات.
محەمەد سودانی بەراورد بە سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی پێگەی جەماوەری بەهێزتر و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکیەکان و کورد زۆر گونجاوە، ئەوانە بوونەتە خاڵی بەهێز و مەترسیی بۆ شیعەکانی وەک نوری مالیکی .
مالیکی نیازی ئەوەی هەیە بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان لە پەرلەمانی عیراقەوە، رێگری لە محەمەد شیاع سودانی بکات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت یان تەنانەت رێگربێت لەوەی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات.
هەرچی هەرێمی کوردستانە بەراورد بە سەرۆک وەزیرانەکانی پێشووی عێراق، ئەزموونێکی باشی لەگەڵ سودانیدا هەبووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کورد وەک لایەن و پێکهاتەیەکی سەرەکی پشتیوانی هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *