٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
چیرۆکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا بەردەوامە، مەترسی دەکرێت ئەمساڵیش سێ مووچەی دیکە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بفەوتێت.
سودانی لە هەولێرەوە تەنیا بەڵێنی زارەکی داوە و هیچ بەڵێنێکی کۆنکرێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نەبووە.
لە ناوەڕاستی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٤داین مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی مووچەی مانگی ١٠ دەکەن، کەچی لە عێراق ئامادەکاری بۆ مووچەی مانگی ١١ و دوانزە دەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەیە بەڵام هێشتا هەرجارە و بەبیانوویەک ڕەوانەکردنی پارە دوا دەخرێت.
لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ کراوە.
نوسینگەی سودانی لە راگەیەندراوێکدا تەنیا ئەوەندەی وت، سەرۆک وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق کردووەتەوە.
وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە دەڵێت دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران کە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ خەرج دەکرێت.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتوویەتی لە کۆبوونەوەکەیاندا هەردوو سەرۆک وەزیرانی هەڕیم و عێراق هاوڕابوون لەگەڵ یەک لە بارەی کێشەکانی مووچە و هەردووکیان جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی نابێت مووچە تێکەڵاوی ململانێی سیاسی بکرێت و دەبێت بە زووترین کات مووچەی مانگی 10 خەرج بکرێت و کێشە بۆ مووچەی مانگی 11 و 12 دروست نەکرێت.
ئەوەی تا ئێستا دیارە ئەوەیە حکوومەتی هەریمی کوردستان ئەو بودجەیەی کە بۆ دابینکردنی مووچە لە یاسای بودجەوە بۆی دیاریکراوە بەکاری هێناوە و پێیویستی بە گواستنەوەی بودجەی بەکاربردن هەیە، بۆیە دیار نیە کەی رێکارە یاساییەکان لەوبارەوە تەواو دەکرێن.
هەرچی حکوومەتی هەرێمە خۆی لە پێدانی هەر جۆرە پارەیەک بۆ مووچە دەپارێزێت، سەرەڕای ئەوەی داهاتی ناوخۆ و نەوتی فرۆشراو بە قاچاخی لە بەردەستدا هەیە بەڵام ئامادە نیە بۆ دابەشکردنی مووچە بەکاری بهێنێت.
بۆیە پێشبینی دەکرێت مووچەخۆرانی هەرێم لە باشترین حاڵەتدا تا کۆتایی ئەمساڵ تەنیا یەک مووچەی دیکەیان بۆ خەرج بکرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *