٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
وەفدە داراییەكەی هەرێمی کوردستان بێ ئەنجام لە بەغداد گەڕانەوە و وەزارەتی دارایی فیدراڵیش ئامادەنییە، بەم لیستەی ئێستای موچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکات.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ٧رۆژی راگەیاند، شاندەکە بێ ئەنجام گەڕاونەتەوە هەرێم و لەگەڵ بەغداد نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
بەپێی زانیارییەکان تەیف سامی وەزیری دارایی حکوومەتی عێراق ناڕازییە لە لیستەكە و ئامادەنییە پارە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە كێشەكانی چارەسەرنەكراون، كە ئەوانیش ناوی نوێ و دووبارە و تەوتین و رادەستنەكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمە وەک ئەوەی بەغداداوای کردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێک ئەنجومەنی وەزیران ئاگادار دەکاتەوە لە کێشەکانی ناو لیستی مووچە و داوا دەکات بە رەزامەندی خودی سەرۆک وەزیران محەمە شیاع سودانی پارەکە خەرج بکرێت.
هاوكات، ٧رۆژ ئەوەی زانیوە، دوای گەڕانەوەی شاندەکەی هەرێم لە بەغداد، راپۆڕتێكی لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغداد بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەرزكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەداوە، ناردنی مووچەی مانگی ١٠ پێویستی بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆك وەزیرانی عیراقە.
بەپێی زانیارییەکان ئەمە دووەمجارە لیستی مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە رەت دەکرێتەوە ئەوەش بووەتە هۆی دواخستنی رەوانەکردنی پارە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕڵەوە.
کێشەکانی ناو لیستی مووچە، خۆیان لە نەبوونی ناوی بایۆمەتری و ناوی دووبارە و ناوی نوێ لە لیستەکەدا دەبینێتەوە.
سەرەتای مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی باڵای هاوبەش لەنێوان ئەنجوومەنی ئابووری بەغدا و هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاردرا تا کۆتایی ئەمساڵ کێشەکانی مووچە چارەسەر بکرێن.
وەزارەتی دارایی عێراق پێی وایە هیچ هەنگاوێک بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان نەنراون بۆیە ئامادە نیە بەوشێوەیە پارە رەوانە بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ زیاتر لەهەفتەیەک بەسەر مانگی ١١دا تێپەڕبووە و هێشتا مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە نەکراوە، لە عێراقیش دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١ دەستی پێکردووە.
جیا لەوە مەترسی ئەوە دەکرێت کە سێ مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە نێوان ململانێی بەغدا و هەولێردا بفەوتێت و پاشەکەوت بکرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *