لە شاری کەرکووک بە بەشداری چەند تیپێکی شانۆیی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقام بەڕێپێوانێکی گەورە و چەند نمایشێک دەستی پێ کرد.
لە سەرەتای دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا، لە شەقامی پێش مۆڵ ئۆفی کەرکووکەوە ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا، لەنێو ڕێپێوانەکەدا چەندین نمایشی گۆرانی و هەڵپەڕکێ و چەند نمایشێکی شانۆیی و چەند نمایشێکی کەلتوریی ئەنجام دران دواتر ڕێپێوانەکە بەردەوام بوو تا هۆڵی بۆلیڤارد.
لە هۆڵی بۆلیڤارد کارەکانی یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە دەستی پێ کرد و چەند چرکەیەک بۆ گیانی پاکی شەهیدان بەبێدەنگی وەستان، دواتر گۆرانیەک سەبارەت بە پێکەوەژیانی نەتەوەیی کەرکووک، لەلایەن هونەرمەند ڕووبار کاکەییەوە پێشکەش کرا.
نەژاد نەجم سەرۆکی فێستیڤاڵ وتاری دەستپێکی فێستیڤاڵی خوولی هەشتەمی شانۆیی شەقامی پێشکەش کرد و وتی لە خەونەوە بۆ ڕاستی گەر خەون نەبێت ڕاستیش بوونی نابێ، لە ڕابردوودا ئەم شار و ئەو شارمان دەکرد بۆ وەرگرتنی شانۆییەکی کەرکووک یاخوود بانگهێشتمان بکەن بۆ فێستیڤاڵێک، بەڵام ئێستا یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵەکان لە کەرکووکە.
دواتر ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، سوپاسی حەمەی کاکە حەمە وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم دەکەم کە بەردەوام هاوکاری شانۆکارانی کەرکووکی کردووە، بۆ پێشکەشکردنی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کەرکووک شاری پێکەوەژیانە، ئەم پێکەوە ژیانە دەپارێزین.
حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: کەرکووک شاری پێکەوەژیانە و ئەمە وای کردووە ئەمڕۆ تابلۆیەکی جوانی پێکەوە ژیان ببینین، تابلۆیەک کە تێیدا سەرجەم نەتەوەکانی کەرکووک بە پۆشاکی تایبەتی خۆیان بەشدار بوونە لەم فێستیڤاڵە.
بەڵگەفیلمی درووستبوونی شانۆی سەر شەقام لە سەرەتای درووستبوونییەوە تا ئەمڕۆ پێشکەش کرا.
خەڵاتی ئاڵتونی فێستیڤاڵی شانۆیی شەقام بەخشرا بە کۆمەڵێک هونەرمەند و شانۆکاری بە ئەزموون لەناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق کە دەرخەری پێکەوەژیانی نەتەوەکانی کەرکووکە، کە لەلایەن تیپی هونەری میلـلیی کەرکووکەوە بەرهەم هێنراوە.
لەلایەن دڵشاد سەڵاح داودەوە چەند پارچە گۆرانییەک پێشکەشی ئامادەبوان کرا.
بڕیار وایە هەشتەمین خوولی فێستیڤاڵی شانۆیی شەقام ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت، تیایدا٢٠ شانۆگەری نمایش دەکرێت، لە کۆتا ڕۆژدا خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ بەسەر براوەکاندا دابەش دەکرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *