٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی شۆکی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەری دان و وردە وردە گومانەکانیان لەسەر ئەو دەنگە زۆرەی دوو هێزەکەی دەسەڵات بەدەستیان هێناوە تەقییەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا چوار لایەنی سیاسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە لە ئەنجامی دەنگەکانیان رازی نین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەت کردەوە و گومانیان لەسەر ساختەکارییەکی رێکخراوی زۆر ورد لە پرۆسەکەدا نیشاندا.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ٧رۆژ ئەنجامی داون، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا ساختەکاری کرابێت، سیناریۆی بەهێز ئەوەیە لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە دەستکاری کارتی دەنگدان کراوە بەوەش ئەنجامی بژاردنی ئەلیکترۆنی و دەستی هاوشێوە دەبن.
٧رۆژ بەداواچوونی بۆ ژمارەیەک ئامێری پرێنت کردن کردووە کە بۆ پاراستنی ژینگە و دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەزە بەکارهاتووەکان بەکاردێن، ئەم ئامێرانە توانای ئەوەیان هەیە لە رێگەی تیشکی لەیزەرەوە نوسینی سەر کاغەزەکان لەناو بەرن و نوسینی نوێیان لەسەر چاپ بکەنەوە.
بەپێی لێکدانەوەی شارەزایان گومانی بەهێز ئەوەیە هەمان تەکنیک لە سندوقەکانی دەنگدان بەکارهاتبێت و لەو رێگەیەوە لە بەرژەوەندی سێ لایەن دەستکاری ئەو دەنگانە کرابێت کە خراونەتە ناو سندوقەکانەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنج و گومانە زیادبوونی نائاسایی ژمارەی دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێیە، چونکە پارتی و یەکێتی تەنانەت ئەندامانی خۆشیان لە شێوازی حوکمڕانی و ئیدارەدانی وڵات لێیان رازی نین.
جیا لەو گومانی گەورە لەسەر نەوەی نوێ هەیە، ئەم حیزبە تەنانەت لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن توانای کۆکردنەوەی ٢٠٠ ئەندام و لایەنگری نەبووە کەچی ژمارەیەکی بێ ئەندازە دەنگی بەدەست هێناوە.
نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردووشدا بەهەمان شێوە دەنگی باشی بەدەستهێنا بەڵام دواتر دەرکەوت ئەنجامەکان لە رێگەی میمۆرییەکان و لەکاتی راکێشانی دەنگەکاندا ساختە کراون.
بە بڕوای شارەزایان ساختەکاری ئەمجارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە جۆرێک کە پرۆسەی سیاسی هەرێم بەوشێوەیەی کە نەخشەی بۆ کێشراوە بچێتە پێشەوە، بە جۆرێک پارسەنگی هێز لەنێوان پارتی و یەکێتی گۆڕانی بەسەردا بێت ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەش ببرێتە پەرلەمان کە مەترسی هێزەکانی دەسەڵات دروست نەکات.
ئەوەی جێگای سەرنجە، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی زیاتر لە ٢٠هەزار دەنگی بە دەست هێناوە کە تا دوای ئەنجامەکان ناوێکی ون بووە و تەنانەت لای میدیاکارانیش نەناسراوە کەچی سەرۆکی بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی بووە کەمتر لە ١١ هەزار دەنگی بەدەست هێناوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *