٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
تۆمارێکی دەنگیی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەلایەن دەزگای هەڵبژاردنی پارتییەوە بڵاوکرایەوە کە تێیدا باس لە گارانتی کردنی ٣٠ کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، هەرچەندە هەر زوو لەلایەن بەرپرسانی یەکێتییەوە تۆمارەکە رەتکرایەوە بەڵام وەک سەرەتایەک بۆ دواخستن یان رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لێکدرایەوە.
تەنیا کەمتر لە دوو هەفتە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ماوە بەڵام گومان دەکرێت پارتی و یەکێتی کێشە بۆ هەڵبژاردنەکە دروست بکەن و هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو رێگە بە ئەنجامدانی نەدەن.
دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری ئەوەی داوە کە یەکێتی سەرقاڵی پلانێکە بۆ ساختەکاری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەدا.
بڵاوکردنەوەی ئەم تۆمارە دەنگییە وەک ئامادەکارییەک بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەخوێنرێتەوە لە کاتێکدا ئەگەر ئەنجامەکان بە خواستی لایەنە بەشدارەکان نەبوون.
پێشتر بەرپرسانی یەکێتی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانیان بۆ ٣٠ کورسی بەرز دەبێتەوە و جیاوازی نێوان کورسییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا ٦ بۆ ٧ کورسی دەبێت.
بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکە تەنیا دوای رۆژێک لە بڵاوکردنەوەی تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی دێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییەوە کە ساڵی رابردوو لە دەڤەری ڕاپەرین کوژرا و دەزگا ئەمنییەکانی پارتیان بە کوشتنی تۆمەتبار کرد.
پێش ئەوەش میدیاکانی پارتی لە ساڵیادی کوژرانی عەقید هاوکار جاف لە هەولێر، دۆسیەکەیان زیندوو کردەوە و لەناو جەرگەی شاری هەولێر وێنەی تۆمەتبارانی رووداوەکەیان هەڵواسی کە ئەندامانی هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتین
بە بڕوای شارەزایان توندوبوونەوەی بانگەشەکان و بڵاوکردنەوەی دۆسیە ئەمنییەکان لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەکرێت وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی کێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن تەماشا بکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان پێیان وایە توندکردنەوی ململانێکان لەنێوان ئەو دوو حیزبە پلانێکی پێشوەختەی خۆیانە و دوای هەڵبژاردن هاوشێوەی رابردوو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوەو جارێکی دیکە لەسەر یەک مێز کۆدەبنەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *