جۆینی تیلیگرام بن

ئیسرائیل خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی قورسی عێراق ئامادە دەکات

ئیسرائیل خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی قورسی عێراق ئامادە دەکات

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

عێراق خۆی بۆ وەشاندنی گورزێکی سەختی ئیسرائیل ئامادەکردووە و لە هەر ساتێکدا ئەگەری ئەوەی هەیە سەرکردەی گرووپە میلیشیا شێعەکان و بنکە سەربازییەکانیان لەناوخاکی عێراقدا بکاتە ئامانج.

تەنیا دوو رۆژ ماوە بۆ ساڵیادی تۆفانی ئەقسا، ئەو هێرشەی بزووتنەوەی حەماس کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی فراوانی ئیسرائیل – غەززە کە خەریکە بەهۆیەوە تەواوی ناوچەکە دەسوتێنێت.

کابینەی جەنگی ئیسرائیل پێشتر بەڵێنی داوە کە لە زووترین کاتدا وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییەی ئێران بداتەوە کە هەفتەی رابردوو کردیە سەر وڵاتەکەی.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە سوپای ئەو وڵاتە لە ئامادەکارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بەردەوامە و تاوتوێی پێشنیازەکان لە سەر شێوازی وەڵامدانەوەکە دەکرێت.

پێشتر وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو بەمزوانە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیارەکانی وڵاتەکەیان دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.

میلیشیا وەلائییەکانی عێراق ناو بە ناو چەند درۆنێک لە باشووری عێراقەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکەن بەوەش مەترسی جددیان لەسەر پەلکێش کردنی وڵاتەکە بۆ ئەو جەنگە دروستکردووە.

رۆژی رابردوو سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدانا دوو سەربازی وڵاتەکەی بەهۆی درۆنە خۆکوژەکانی عێراقەوە کوژراون و ٢٣ی دیکەش بریندار بوون بەوەش ئامادەکارییەکان بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی سەخت لە عێراق خێراتر کراون.

پێشبینی دەکرێت سەرکردەی گرووپە وەلائییەکان، بنکە سەربازییەکان، ژێر خانی ئابووری و کۆگاکانی هەڵگرتنی چەک و تەقەمی ناو عێراق بکرێنە ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل.

بەپێی لێکدانەوەی شیکەرەوان لیستێک ئامانج لەلایەن ئیسرائیلەوە ئامادەکراون و ئەگەری بەهێز ئەوەیە لە ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بیانکاتە ئامانج.

پێشبینی دەکرێت وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران گشتگیر بێت و لەهەمان کاتدا گرووپەکانی ناو عێراقیش بپێکێت.

سوپای عێراق دەستی بە ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەی کردووە، لەو بارەیەوە وتەبێژی سوپای عێراق وتوویەتی هەرچەندە توانای پاراستنی ئاسمانی عێراقیان نیە بەڵام ئامادەکاری پێویست بۆ هەر مەترسییەک کراوە.

یەکێک لەو ناوچانەی مەترسی دەکرێت ئیسرائیل بیکاتە ئامانج بەندەری بەسرەیە کە دەبێتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوت و ئابووریی عێراق دەخاتە مەترسی جددیەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو