٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
ئیسرائیل کەی پەلاماری عێراق دەدات؟
بۆروومانکرنی بەندەری بەسرە چی بەسەر عێراق و عێراقیەکاندا دەهێنێت..؟
سوپای ئیسرائیل هۆشداری داوەتە گرووپە شیعەکانی عێراق ئەگەر لە بەندەری بەسرەوە بەردەوام هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەی بەندەرەکە دەکاتە ئامانجی بۆردوومانەکانی.
گرووپە میلیشیا وەلائییەکانی نزیک لە ئێران چوار ناوچەی جیاوازی ئیسرائیلیان بە درۆن بۆردوومان کرد بەوەش مەترسی کاردانەوەی ئیسرائیل بەرانبەر بەو گرووپانە ئەوەندی دیکە زیاتر دەکات.
ئیسرائیل دەستی بە لێدان لە گرووپەکانی بەرەی بەرگری سەر بە ئێران لە هەریەکە لە لوبنان و سوریا و یەمەن کردووە، پێشبینی دەکرێت بەمزوانەش لە عێراق بیانکاتە ئامانج.
ئەگەر بۆ سوریا و یەمەن و لوبنان تەنیا بە ئامانج گرتنی سەرکردە و بارەگای ئەو گرووپانە بێت بەڵام لە عێراق مەترسییەکە گەورەترەو شادەماری ئابووری وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەو هۆشدارییانەی سوپای ئیسرائیل بە عێراقی داوە ئەگەر گرووپە میلیشیاکان لە بەندەری بەسرەوە بەردەوام هێرش بکەنە سەر ئەو وڵاتە ئەوا بەندەرەکە بۆردوومان دەکات.
بۆردوومانکردنی بەندەری بەسرە دەبێتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتی عێراق کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی عێراقییەکانەوەو هەر پەکخستنێکی ئەو بەندەرە قەیرانی گەورەی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
حکوومەتی عێراق لە رێگەی بەندەری بەسرەوە رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، بەڵام میلیشیاکان بەندەرەکە بۆ لێدان لە ئیسرائیل بەکاردەهێنن.
لە دوو رۆژی رابردوو سوپای ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی بەندەری حەدیدەی لە یەمەن کرد و دەیان دامەزراوەی نەوتی و یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەو وڵاتەی کردنە ئامانج.
ئەگەر هەمان سیناریۆ لە بەندەری بەسرەش دووبارە بێتەوە ئەوا قەیرانێکی سەختی دارایی چاوەڕێی هەمووعێراقییەکان دەکات.
میلیشیا شیعەکان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەشێوەیەکی رێکخراو کۆنتڕۆڵی زۆرینەی سێکتەرە جیاوازەکانی عێراقیان کردووە هەر ئەوەش وایکردووە وڵاتەکە بەردەوام ساحەی یەکلاکردنەوەی ململانێی وڵاتانی ناوچەکە بێت.
ئێستا ئیسرائیل شەڕی غەززەی بۆ لوبنان گواستوەتەوە، بەردەوام بە دوای سەرکردە و بەرپرسانی باڵای حیزبوڵڵاوەیە بیانکاتە ئامانج و بڕیاری دەستپێکردنی هێرشی زەمینیشی بۆ سەر لوبنان دەرکردووە.
بۆیە دوور نیە بەمزوانە بەهۆی میلیشیا شیعەکانەوە جەنگەکە بۆ سەر خاکی عێراقیش بگوازرێتەوە و شەڕێکی دیکەی ماڵوێرانکەر رووبەڕووی عێراقییەکان بکرێتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *