٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
ئەمە دیمەنی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی ئێرانییەکانە کە بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە زۆرینەی جولەکەکان شەوی رابردوویان لە ژێر زەمین و حەشارگەو پەناگەکان بەسەربرد.
دەوروبەری کاتژمێر حەوتی شەوی چەن رۆژی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران ٢٠٠ مووشەکی ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل کرد و بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە زۆرینەیان بەر ئامانجەکانیان کەوتوون.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند لە تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە و حەسەن نەسڕوڵڵا بە مووشەکی هایپەر سۆنیکی جۆری فەتاح بۆردوومانی ئیسرائیلی کردووە.
ئەوەی بووە جێگەی سەرنجی میدیاکان، چۆن مووشەکە ئێرانییەکان توانیان سیستمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل ببڕن و ئامانجەکانیان بپێکن.
هەرچەندە بەرپرسانی ئیسرائیل ئەوە رەت دەکەنەوە کە مووشەکەکانی ئێران ئامانجەکانیان پێکابێت بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستیان پێ دەکرێت نیشانی دەدات، دەیان مووشەک لە فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل لە شاری قودس دەکەونە خوارەوە.
سوپای ئیسرائیل خاوەنی بەهێزترین سیستمی بەرگری ئاسمانییە و بە جۆرێک بەرهەم هێنراوە کە بەرگری لەسەرجەم ئەو هێرشانە بکات کە دەکرێنە سەر ئەو وڵاتە.
بەڵام لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا سیستمەکە وەک پێویست توانای رووبەڕووبوونەوەی مووشەکەکانی نەبوو.
بەپێی زانیارییەکان، مووشەکە ئێرانییەکان لە ماوەی ١٢ خولەکەدا گەیشتونەتە ئامانجەکەیان، ئەوەش بەهۆی بەرزی ئەو خێراییەی کە هەیانبووە.
لەمساڵدا ئەمە دووەمین هێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل و لە هەردوو هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوەو بەڵام ئامانجەکانیشی پێکاوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند هۆشدارییان بە ئەمریکا داوە گەر هەر دەستوەردانێک ئەنجام بدات بنکە سەربازییەکانی لە وڵاتانی دراوسێ دەکەنە ئامانج.
بە بڕوای شارەزایان هێرشەکەی شەوی رابردوو جولەکەکانی بەتەواوی نیگەران کردووە بەو پێیەی لەماوەیەکی کەمدا ئێران دەتوانێت هەزاران مووشەک بەسەر وڵاتەکەیاندا ببارێنێت.
هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێرانی داوە بەڵام دیار نیە قەبارەی وەڵامدانەوەکەی چۆن دەبێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *