٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
جەنگی غەززە بەرەو عێراق دەپەڕێتەوە
هەرێمی کوردستان پریشکی ئاگرەکەی بەر دەکەوێت؟
جەنگی ئیسرائیل دژی حەماس پێی نایە ٣٥٢هەمین رۆژیەوە و بەردەوام زیاتر پەرە دەسێنێت .. ئاگری ئەم جەنگە نەک هەر لوبنان بەڵکو خەریکە عێراقیش دەگرێتەوە.
لە دوو شەوی رابردوودا حیزبوڵڵای لوبنان بە سەدان مووشەکی جۆراوجۆر هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی ئیسرائیل و گرووپە میلیشیاکانیش لە عێراقەوە بە درۆن بۆردوومانی ئیسرائیلیان کرد.
بەپێی هەواڵی میدیاکان سەدان هەزار جولەکەی دانیشتووی حەیفا ماڵەکانی خۆیان جێهێشتووە.. یان لە ژێر زەمینەکاندا لە ترسی مووشەکەکانی حیزبوڵڵا خۆیان حەشار داوە.
ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن ئیسرائیل نیازی هەبێت دژی گرووپە میلیشیاکانی عێراق.. کەناراوەکانی بەسرە بۆردوومان بکات کە لەو ناوچانەوە شارەکانی دەکرێنە ئامانج.
بەپێی شیکەرەوانی دۆخەکە، ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خواستێکی زۆر بەهێزی بۆ بەردەوامی دان بە جەنگەکە و فراوانترکردنی هەیە بە ئامانجی ئەوەی ئێران و ئەمریکا تێوەبگلێنێت.
شارەزایان لەوبڕوایەدان ناتەنیاهۆ باش دەزانێت بە کۆتایی هاتنی جەنگ رووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگایی کردن دەبێتەوە بۆیە نیازی ئەوەی نیە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
لەدوایین پەیامی قەیس خەز عەلی سەرکردەی دیاری گرووپە میلیشیاکانی عێراق باسی لەوەکردووە پێویستە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی لەبارەی ئەو گۆڕانکاریانەوە روون و دیار بێ و نابێت تەنیا مافی هەبێت بەڵکو ئەرکیشی دەکەوێتە ئەستۆ.
ئەم لێدوانەی خەز عەلی ئاماژەیەکی روونە بۆ تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لە شەڕی میلیشیاکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
ئەوەی بۆ کورد بووەتە جێگەی مەترسی ململانێ بێزراوەکانی پارتی و یەکێتییە کە وەک هەمیشە بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان باجی گەورەیان لەسەر بدات.
ئەو مەترسیە جددیانەی کە ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت عێراق بەهۆی ئەو جەنگەوە رووبەڕوویان بێتەوە بەرۆکی کوردستانیش دەگرن.
ئەو جەنگە مەترسیدارە دوور نیە بگاتە سەر خاکی هەرێم و پریشکەکەی زیانی گەورە بەر خەڵکی کوردستان بگەیەنێت کەچی پارتی و یەکێتی هەر خەریکی شەڕە پەڕۆ و زیاتر خزمەتکردنی وڵاتانی دراوسێن.
هەروەک رۆژنامەی ئەلعەرەبی کوەیتی سەرەتای ئەم مانگە لە راپۆرتێکدا باسی ئەوەی کردبوو پارتی و یەکێتی لەسەر حسابی خەڵکی کوردستان بۆ خزمەتکردنی تورکیا و ئێران کێبڕکێیانە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *