٧ڕۆژ
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانى چاو دەڵێت، خواردنەوە کحولییەکان کاریگەرییان لەسەر چاو هەیە، جگە لە چاو کاریگەری لەسەر تەواوی جەستە درووست دەکات و هەندێک جار دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان، دەشڵێت، دەبێتە هۆى کەمبوونەوەی ئاستی بینین، لەدەستدانی چەند ناوچەیەکی پانتایی بینین، بێزاربوون لە ڕووناکی و هەستکردنی بینینێکی وەک زریانی بەفر.
د. ئەبوبەکر زاهیر، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى چاو لە نووسینێکدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانى خواردنەوە کحولییەکان لەسەر چاو دەکات و دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە:-
یەکەم- ترسناکترینیان ژەهراویبوونە بە ئەلکهول بە تایبەتیش ئیثانۆل و میثانۆل، لەوانەیە بە خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئەلکهول هەندێک جار بە بڕێکی کەمیش ڕووبدات ژەهراوی بوون بە میثانۆل زۆرجار ئەو کاتانە ڕوودەدات کە کەسێک بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵی لە کارگەکان یان لەڕێی هەڵمژین یان بەهۆی دەستنەکەوتنی جۆری دیکەی ئەلکهول ئەو ئەلکهولە دەخۆنەوە کە بەمەبەستی پیشەسازی ئامادەکراوە یانیش لەو وڵاتانەی فرۆشتنی ئەلکهول قەدەغەی لەسەرە بە ساختەکراوی دەدرێت بە خەڵک.
بە دوو ڕێگا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاستی بینین تەنانەت هەندێک جار لەدەستدانی تەواوەتی بینین ئەویش بەتێکدانی خانەکانی تۆڕەی چاو هەروەها تێکدانی دەماری بینین.
جگە لە چاو کاریگەری لەسەر تەواوی جەستە درووستدەکات و هەندێک جار دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان.
لە نیشانەکانی ئەو حاڵەتە لە چاو: کەمبوونەوەی ئاستی بینین، لەدەستدانی چەند ناوچەیەکی پانتایی بینین، بێزاربوون لە ڕووناکی و هەستکردنی بینینێکی وەک زریانی بەفر.
لەکاتی هەبوونی حالەتی لەوجۆرە، پێوستە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکرێت
دووەم- خواردنەوەی ئەلکهول لەلایەن خانمانی دووگیان، لەوانەیە کۆمەڵێک کێشەی زگماکی بۆ چاوی منداڵەکەی درووستبکات، ڕێژەی کێشە زگماکییەکانی چاوی منداڵ لەو خانمانەی کە لەکاتی دووگیانیدا ئەلکهول دەخۆنەوە، زۆر بەرزترە بە بەراورد بەوانەی نایخۆنەوە. وبەگوێرەی توێژینەوەکان ئەگەر هەیە هەر بەشێک لە بەشەکانی چاو تووشی ناتەواوی ببێت لە پێڵوی چاوەوە هەتا دەماری بینین.
سێیەم- لەگەڵ بەساڵاچوون، کێشەی تێکچوونی ناوچەی زەردەپەل لە تۆڕەی چاو لە بەشێکی بەساڵاچوان درووست دەبێت، بەپێی توێژینەوەکان ئەگەری درووستبوونی ئەو کێشەیە لەناو ئەو بەساڵاچوانە زۆر زیاترە کە ئەلکهول بە بەردەوامی دەخۆنەوە.
چوارەم- بەپێی هەندێک توێژینەوە ئەگەری تێکچوونی تۆڕەی چاو لەناو ئەو شەکرەدارانەی کە ئەلکهول دەخۆنەوە زۆرترە بە بەراورد بەوانەی نایخۆنەوە، بەڵام لەهەندێک توێژینەوەی تر نەتوانراوە ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
پێنجەم- بەپێی هەندێک توێژینەوە ئەگەری گیرانی خوێنهێنەری تۆڕەی چاو لەو کەسانە کەمترە کە ئەلکهول دەخۆنەوە، لە هەندێک توێژینەوەی دیکە، نەتوانراوە ئەوە پشتڕاستبکرێتەوە و پەیوەندی نەدۆزراوەتەوە.
شەشەم- خواردنەوەی ئەلکهول بەیەکێک لە هۆکارەکان دادەنرێت بۆ کۆبوونەوەی ئاو لەژێر تۆڕەی چاو لە کەسانی گەنج.
حەوتەم- خواردنەوەی ئەلکهول بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ڤیتامین B12 و فۆلەیت لە جەستەدا و ئەویش دەبێتە هۆی تێکچوون و پووکانەوەی دەماری بینین.
هەشتەم- بەپێی زۆربەی توێژینەوەکان ئەگەری تووشبوون بە ئاوی سپی چاو لەو کەسانە زۆرترە کە بەبەردەوامی ئەلکهول دەخۆنەوە. لەهەندێک توێژینەوە ئەنجامێکی پێچەوانەی داوە لەو کەسانەی کە ڕێد واین دەخۆنەوە واتا ئەگەری تووشبوون بە ئاوی سپی لەو کەسانە کەمتر بووە!
نۆیەم- ئەو کەسانەی کە ئەلکهول دەخۆنەوە، سیگناڵی گرژبوونی ماسولکەکانی چاو بە هێواشی دەگاتە مێشکیان لەکاتی سەرخۆشی دا، بەمەش جوولەی چاویان هێواش دەبێت و شتەکان بە دوو دەبینن و تەرکیزیان تێکدەچێت، هەروەها کارلێکی بیلبیلەی چاویان لەگەڵ بڕی ئەوڕووناکیەی دەگاتە چاویان تێکدەچێت، بەمەش لەکاتی سەرخۆشی دا بەشێکی پانتایی بینین لەدەستدەدەن، بۆیە شوفێریکردن لەو کاتانەدا زۆر مەترسیدارە.
دەیەم- خواردنەوەی ئەلکهول دەبێتە هۆی سووربوونەوەی چاو هەندێک جار دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی سپێنەی چاو.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *