٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
تا دێت گومانەکان لەسەر ئەنجام نەدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر دەبن، مەترسی دەکرێت ئەمجار لە بری دواخستنی بە فەرمی، کێشە بۆ ئەنجامدانی دروست بکرێت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان خەریکە دەبێتە بەڵا بۆ سەر قەوارەی دەستووری هەرێم .. چونکە بڕیار وایە نەخشە رێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت و چیتر باڵانسی هێز وەک ئەوەی هەبووە نەمێنێت.
هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ترسێکی گەورەیان بەرانبەر ئەم هەڵبژاردنە لەلا دروستبووە هەر بۆیە زیاتر لە دوو ساڵە بە بیانووی جیاواز دوای دەخەن و هەریەکەیان ئەوی دیکە بە دواخستنی تۆمەتبار دەکات.
بەپێی ئەو خشتەی کارەی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێشوەخت دیاری کردبوو، دەبوایە لە هەفتەی رابردووەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستی پێ بکردایە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوایە.. بەڵام چوار رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕبووە و هێشتا وادەی دەستپێکردنی بانگەشە رانەگەیەندراوە.
هەرچەندە لە میدیا فەرمی و سێبەرەکانی پارتی و یەکێتییەوە هۆکاری دەست پێ نەکردنی بانگەشە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ترس هەیە درێژە کێشانی بانگەشە دۆخی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر ئاڵۆزتر بکاو بیگەیەنێتە ئاستی پێکدادنی چەکداریی، بۆیە بیرۆکەی کەمکردنەوەی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن گەڵاڵە کراوە.
لەگەڵ ئەوەی لێدوانە توندەکانی هەردوولا گەرمتر بوون و هەریەکەیان بانگەشەی وەرگرتنەوەی زۆنی ئەوی دیکەیان دەکات بەڵام گومان دەبرێت دواخستنی وادەی بانگەشە پەیوەندی بە ترسی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە بێت.
چونکە هەڵبژاردنی ئەمجار لەلایەن بەغداوە ئیدارە دەدرێت و هیچ کام لە دوو حیزبەکە هاوشێوەی رابردوو توانای دەستکاری کردنی ئەنجامی دەنگەکانیان نیە.
لەگەڵ ئەوەشدا تەکنەلۆژیای نوێ و رێکاری گونجاو بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکە گیراونەتە بەر.
جیا لەوانە پێگەی هەردوو هێزەکە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆستەکانی گەلی کورد بە دیاریکراوی ئەمریکییەکان لاواز بووە و خواستێکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری ریشەیی دروستبووە.
هەرچی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە رەتیدەکاتەوە هەڵبژاردن لە ٢٠ی مانگی داهاتوو دوابخرێت لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ئەوەی نەشاردوەتەوە بەهۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیاوە لە سنووری پارێزگای دهۆک کێشە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دروست دەبێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *