پسپۆرێکی نەخۆشییەکانی جومگە، بڕبڕەی پشت و ڕۆماتیزم دەڵێت، قوفڵ بوونی ئهژنۆ حاڵەتێکە، کە ئەژنۆ لە شوێنێکی دیاریکراودا گیر دەبێت و ناتوانرێت بە تەواوی ڕێک بکرێتەوە یان بنوشتێتەوە واتا نەمانی توانای جوڵاندنی ئەژنۆ، دەشڵێت، حاڵەتەکە بەهۆی گیرانی میکانیکی وەک دڕانی کڕکڕاگەی هیلالی ئەژنۆ یان شکانی ئێسکێکی ناو جومگە ڕوودەدات.
دکتۆر عومەر حەمە کەریم، پسپۆری نەخۆشییەکانی جومگە، بڕبڕەی پشت و ڕۆماتیزم، ئاماژە بە قوفڵبونى ئەژنۆ و نیشانەکانى توشبوون بەو حاڵەتە دەکات و دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە:-
قوفڵ بوونی ئهژنۆ چییە؟
قفڵ بوونی ئهژنۆ حاڵەتێکە، کە ئەژنۆ لە شوێنێکی دیاریکراودا گیر دەبێت و ناتوانرێت بە تەواوی ڕێک بکرێتەوە یان بنوشتێتەوە واتا نەمانی توانای جوڵاندنی ئەژنۆ.
هۆکارەکانى قوفڵبونى ئەژنۆ چین؟
حاڵەتەکە بەهۆی گیرانی میکانیکی وەک دڕانی کڕکڕاگەی هیلالی ئەژنۆ یان شکانی ئێسکێکی ناو جومگە یاخود بەهۆی هۆکاری نامیکانیکی وەک بەکارهێنانی زۆر و درێژخایەنی جومگە، یان نەجوڵان و بەکارنەهێنانی جومگە، یان زەبر بەرکەوتن بە ئەژنۆ، هەروەها دەتوانێت لە ئەنجامی ڕەقبوونی ماسولکەکان یان گرژبوونی ماسولکەکانەوە ڕووبدات.
نیشانەکانی قوفڵبوونی ئەژنۆ کامانەن؟
یەکەم- ناتوانی ئەژنۆ بەتەواوی ڕێکبکەیتەوە یان بیچەمێنیتەوە.
دووەم- ئازار و ئاوسانی جومگەی ئەژنۆ.
سێیەم- هەستکردن بە تەقەتەق لە ناو ئەژنۆدا.
چارەسەرکردن بەپێی هۆکار و توندی دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی بریتیین لەمانە:-
یەکەم– پشوودان و دوورکەوتنەوە لەو چالاکییانەی کە حاڵەتەکە توندتر دەکەن.
دووەم- بەکارهێنانی سەهۆڵ بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانییەکە.
سێیەم- چارەسەری فیزیایی بۆ باشترکردنی نەرمی و هێز.
چوارەم- دەرمانی دژە هەوکردن.
پێنجەم- لە حاڵەتە توندەکاندا، نەشتەرگەری پێویستە بۆ لابردنی هەر بەربەستێک لەناو جومگەی ئەژنۆدا.
شەشەم- ئازارشکێن بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *