٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
مەلیکەو شاهینە کە دیارترین جۆرەکانی ئۆیۆمبێلە بێ سەرەتاکانن چییان لێدێت
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک دەستڕۆیشتووی ناو دەزگا هەواڵگرییەکانی پارتی و یەکێتییەوە زیاتر لە ٦٠ هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بەشێوەی قاچاخ هێنراونەتە ناو هەرێمی کوردستان و لە بازاڕدا ساغ کراونەتەوە.
بوونی ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە وایکردووە بازاڕەکان پڕبن لە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری تابلۆی ساختە، هەموو کوچە و کۆڵانێک ئۆتۆمبێلێکی تێدایە کە خاوەنەکەی بە ویستی خۆی تابلۆیەکی لەسەر داناوە و هەرکاتێکیش خواستی لەسەر بێت گۆڕانکاری تێدا دەکات و تابلۆیەکی دیکەی لێدەدات.
ئەم ئۆتۆمبێلانە هیچ کۆنتڕۆڵێکیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەسەرەوە نیە، بەهۆی هەرزانی نرخەکانیان زیاتر بە دەست بە ئەو کەسانەوەن کە توانایان نیە ئۆتۆمبێلێکی خاوەن تابلۆی فەڕمی بکڕن..
لە هاوردەکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەستڕۆیشتوەکانی ناو پارتی ویەکێتی سودمەندبوون و خەڵک و حکوومەتیش گرفتار.
ئێستا لەلایەک حکوومەت گیرۆدە بووە و نازانێت چۆن چارەسەری ئەو کێشەیە بکات لەلایەکیش ئەو کەسانەی ئۆتۆمبێلەکانیان کڕیوە هەر رۆژە بە هەواڵێک رادەچڵەکێن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە هەرێمی کوردستان هەن و زیاتر لە 30 هەزاریان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینن.
ژمارەی ئەم ئۆتۆمبێلانە بەردەوام لە زیادبووندایە بەشێکی بەرچاویان پێش هاوردەکردنیان بڕاونەتەوە و دواتر کە دەگەیەنرێنە شارەکانی هەرێمی کوردستان چاک دەکرێنەوەو لە بازاڕدا ساغ دەکرێنەوە.
ناو بەناو هێزە ئەمنییەکان لە ناو شارەکاندا بازگەی کاتی بۆ دەستبەسەردا گرتنیان دادەنێن و لێیان کۆنتڕۆڵ دەکرێت دواتر بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک وەک سزا ئازاد دەکرێن.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێم لەسەدا ٩٠ی ئەو ئۆتۆمبێلانە مەرجی سەلامەتییان تێدا نیە چونکە پێش هاوردەکردنیان بڕاونەتەوە و دواتر چاک کراونەتەوە.
هێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٣ روویداوە، کاتێک رژێمی پێشووی عێراق روخێنرا بە هەزاران ئۆتۆمبێل لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە هێنرانە هەرێم و دواتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێم مۆڵەتی هاتوچۆپێکردنی لەژێر ناوی ئاڕم پێ بەخشین بەڵام دیارنیە بۆ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەی ئێستا بڕیاری چی دەدرێت.
لە دوو رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە تۆمار دەکرین و کۆدیان بۆ دەکریت بەڵام تا ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەک لەوبارەوە بڵاونەکراوەتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *