بۆچی شیعەکان و بە تایبەت نوری مالیکی دەیەوێت سودانی دەست لەکاربکێشێتەوە؟
محەمەد شیاع سودانی لەسەر داوای دوورخستنەوەی چی دەڵێت..؟
لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوای دەست لەکارکێشانەوە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە ئەویش بە توندی رەتیکردووەتە، بۆیە کۆبوونەوەکە بە گرژییەوە کۆتایی هاتووە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەست خستووە و بڵاویکردووەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا دۆسیەی ئاشکرابوونی تۆڕێکی سیخوڕی ناو نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسکراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دزەیان کردووەتە میدیاکان بەم دوایییانە تۆڕێكی تایبەت بە ئاسایشی ئەلیكترۆنی لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا دەستگیر كراون؛ کە هەندێكیان پلەیان ئەفسەرە.
تۆڕەكە سیخوڕییان بەسەر مۆبایلی بەرپرسانی عێراقیەوە کردووەو بەوە تۆمەتبارن كە لەپشتەوە سوپای ئەلیكترۆنییان هەیە بۆ هەراسانكردن و دزەپێكردنی زانیاریی تایبەت.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن تۆڕەکە تەنانەت سیخوڕی بەسەر میوانە ئێرانییەکانیشەوە کردووە کە بەردەوام سەردانی لایەنە شیعەکانیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان سەرۆكی تۆڕە سیخوڕیەكە كەسێكە بە ناوی “محەمەد جوحی” كە جێگری بەڕێوەبەری كارگێڕیی ئۆفیسی ، محەمەد شیاع سوودانییە و سكرتێری تیمی حكوومەت و بەرپرسی پەیوەندیكردنە لەگەڵ پەرلەمانتاران.
ئەم دۆسیەیە شیعەکانی توڕە کردووە و متمانەیان بە سودانی کەمتربووەتەوە بۆیە هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆک وەزیران فراوانتر بوون.
سەرچاوەکەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كۆبونەوەكەدا، گوێیان لە تۆماری دەنگی چەند كەسێك گرتووە، قسەیان لەبارەی كارو ئاڕاستەكردنیان كردووە لەلایەن بەرپرسانی باڵای حكومییەوە، بۆ چاودێریكردنی سیاسی و بەرپرسە عێراقییەكان.
بەپێی زانیارییەکان نوری مالیكی لە كۆبونەوەكەدا،جەختی لەوەکردووەتەوە پێویستە سودانی و کابینەکەی دەستلەکار بکێشینەوە، بەڵام سودانی ئەو داواکارییەی رەتکردووە و جەختی لەوەکردووەتەوە کە رووبەڕووی فشارەکان دەبێتەوە.
مالیکی بەردەوام کاری لەسەر ئەوە کردووە سودانی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دووربخاتەوە و بۆ ئەوەش هەوڵ بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان دەدات.
جیا لەوە دۆسیەی دزیی سەدە و دەستگیرنەکردنی بەرپرسانی پشت تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بووەتە بیانوویەکی نوێ دژی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی.
بە تایبەت دەنگۆی ئەوە هەیە کە دەسەڵاتی دادوەری عێراقیش لە دۆسیەی دزی سەدەوە تێوەگلابێت، بۆیە پێناچێت سودانی تەمەنی کابینەکەی تەواو بکات و قەیرانێکی نوێی سیاسی جارێکی دیکە بەرۆکی عێراق دەگرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *