٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
وەری دەگرینەوە!
ئەمە ئەو دەستەواژەیە کە بووەتە بابەتی گەرمی ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هیچ نەماوە بەیەکتری نەلێن.
٣١ی ئابی ٢٠٢٤، ٢٨ ساڵ بەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری هەولێر لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکرات بە هاوکاری سوپای بەعس تێپەڕ دەبێت، بەلای پارتییەکانەوە رۆژی شانازی کردن و بەلای یەکێتییەکانەوە خیانەتی گەورەی نیشتیمانییە.
بەرپرسانی یەکێتی و بە دیاریکراوی ماڵی کۆسرەت رەسوڵ هێرشێکی توندی میدیاییان دژی پارتی دەست پێ کردووە دروشمەکەیان کردووەتە دروشمی وەرگرتنەوەی هەولێر لە دەست پارتی دیموکرات.
لە بەرانبەریشدا پارتی بە توانجەوە دۆخی پێش ٣١ی ئاب بیر یەکێتی دەهێننەوە و نمونەی هەڵگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر بانی ماڵەکان لە ترسی دزینی دەهێننەوە.
ئەم دوو هێزە چەکدارە بە درێژایی مێژووی خەباتی چەکدارییان تا ئێستا، شتێک نەماوە بەرانبەر بە خۆیان و میللەتەکەیان ئەنجامی بدەن بۆیە پرسیار ئەوەیە کامیان چی لە کامیان وەردەگرێتەوە؟
هەردوو هێزەکە تەنیا چەند ساڵێک لەمەوبەر زیاتر لە سەدا ٥١ی خاکی کوردستانیان لە کەرکووک و خانەقین تا دەگاتە شەنگال رادەستی سوپای عێراق کردەوە کە بەخوێنی زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا کۆنتڕۆڵکرابوو.
هەردوو هێزەکە بەرانبەر بە یەکتر دڕ و بەرانبەر بە نەیارانی کورد بێدەنگن و لاوازن، جورئەتی ئەوەیان نیە لە سەر جوتیارێکی کوردی ناوچە جێناکۆکەکان بێنە دەنگ کە لەلایەن عەرەبی هاوردە و کۆنە بەعسییەوە رێگری لە دروێنەی گەنمەکەی دەکرێت کەچی بۆ یەکتر بوونەتە گورگی هار و هەر رۆژە و لەسەر حسابی خەڵک پەلاماری یەکتر دەدەن.
دۆخی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، مەترسی ئەوە دەکرێت ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم بە هەموو خراپی و کەموکوڕییەکانیەوە بە یەکجاری هەڵوەشێتەوە، دامەزراوە شەرعییەکان بوونیان نەماوە تاکە هیوایەک بۆ بنیاتنانەوەیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە لە ترسی ئەنجامەکانی پارتی و یەکێتی دەیان رێگای جیاواز دەگرنە بەر تا هەڵبژاردنەکە دوابخەنەوە.
بۆیە ئەم دوو هێزە هیچ متمانەیەک بە ململانێی و شەڕە جنێوەکانیان ناکرێت و تەنیا ئامانجیان ئەوەیە هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریکراوە دوابخرێت بۆئەوەی ماوەیەکی زیاتر لە دەسەڵات بمێننەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *