جۆینی تیلیگرام بن

مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکرێت؟

مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکرێت؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن بەغدا نەیەوێت مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بکات ئەویش بە بیانووی ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا پارەی زیادی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە کردووە، کە بەشی مووچەی مانگێکی فەرمانبەران بووە.

دیوانی چاودێری دارایی عێراق هەفتەی رابردوو راپۆرتی خۆی لەبارەی مووچەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم دایە وەزارەتی دارایی و بە پێی ئەو ڕاپۆرتە بڕی ٦٠٠ ملیار دینار زیاتر لەو پارەیەی بۆ مووچە پێویستە رەوانەی هەرێم کراوە.

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران بە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەو ٦٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ٣٦ ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دیناری دیکە تەرخان دەکرێت.

بە بڕوای شارەزایان ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە چارەسەر نەکات مووچەی مانگی ١٢ی ئەمساڵیش رووبەڕووی هەمان دۆخ دەبێتەوە و بەوەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە دوو مووچە بێ بەش دەبن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە بەغدا بێ ئەوەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لیستی مووچەی مانگی هەشتی بۆ رەوانە کرابێت، کەچی پارەی فەرمانبەرانی مەدەنی بۆ مانگی هەشت رەوانە کردووە بەڵام بۆ مووچەی مانگی حەوت لەگەڵ ئەوەی نزیک بە دوو مانگە لیستی مووچە رەوانەکراوە پارەکەی راگرتووە.

ئەو خاڵانەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق پشتی پێ بەستوون تا مووچەی مانگی حەوت رەوانە نەکات بوونی ناوی دووبارە و کەموکورتی لە بایۆمەتری فەرمانبەران و کێشەی هێزە ئەمنییەکانە لە مانگەکانی دوو تا شەشی ئەمساڵ.

وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە وردبینی بۆ لیستی مووچەی فەرمانبەران کردووە و بە درێژایی ساڵیش بەردەوام رەوانەکردنی پارەی بە ناوی وردبینییەوە دواخستووە بەڵام ئێستا پێی وایە پارەی زیادەی لە پێویستی هەرێم رەوانە کردووە کە ئەوە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو وردبینیایەی کە خودی وەزارەتەکە پێشتر ئەنجامیداون.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بەردەوام پەرلەمانتاران و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بانگەشەی ئەوەیان کردووە بە دەیان هەزار ناوی دووبارە و وەهمی لەلیستی مووچەخۆراندایە کەچی بەغدا پشت بەو لیستەی کە پێشتر بۆی رەوانەکراوە مووچەی مانگی هەشتی رەوانەکردووە، کە ئەوەش جێگەی پرسیاری جددیە.

بە بڕوای شارەزایان دەستڕۆیشتوەکانی بەغدا بە دوای هەر هۆکارێکدا دەگەڕێن کە رێگربێت لە رەوانەکردنی پارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەش پشتیان بەو هەزاران کەموکورتییە بەستوە کە پارتی و یەکێتی لە ئیدارەدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیانە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو