حەمەی حەمە سەعید
بە پێی ئەم پەندە (ئیدیۆمە) کوردیە بێت، پێناچێت هەڵبژاردنی بڕیارلێدراو و چاوەڕوانکراوی داهاتوو کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، چارەنوسێکی گەش و ڕوونی هەبێت.
ڕەنگە لۆژیکی نەبێت کە ئێمە خۆمان بە وڵاتانی پێشکەوتوو خاوەن پرۆسەی مێژووکرد لە ئەزمونی کەڵەکەبووی دیموکراسی بەراورد بکەین، بەڵام پێویستە لانی کەم ئێمەش دوای تێپەڕبوونی 34 ساڵ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، خۆمان فێری نەریت و شێوازەکانی بانگەشەی مەدەنی و دیموکراسی بکەین! لەوڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا، خۆسازدان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بە گرتنە بەر و پابەند بوون بە یاساو ڕێسا دیاریکراوەکان، ئەنجامدانی بانگەشە دەستپێدەکات.
پارت و هاوپەیمانیەتیەکان و کەسایەتیە سەربەخۆکان ..تاد، لە چوارچێوەی ئەو ستاندارد و میکانیزمە باوانەی کۆمیسیۆن و لایەنی چاودێر و بەڕێوەبەری هەڵبژاردن دەرناچن، بەڵکو دێن ھەڵوێستەکانیان، دەستکەوتەکانیان، خزمەتەکانیان لە هەموو سێکتەرەکان لە ماوەی ڕابردوودا وەبیر لایەنگر و دەنگدەر و کۆمەڵانی خەڵک دێننەوە و هەروەها تێروانینیان بۆ ئایندەی حوکمڕانی و نوێنەرایەتیکردنی دروست لە چوارچیوەی داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژ و نەخشەڕێگای (4 تا 5) ساڵی ئایندە لە بواری پەروەردە، تەندروستی، هەلی کار، پاراستنی ژینگە، ئاسایش، داهاتی تاک، سیاسەتی دەرەوە، چاودێری کۆمەڵایەتی …تاد دەکەنە تێشوی ڕێگای ماوەی کامپینی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان.
ئەوەی مایەی نیگەرانیە، لەھەرێمی کوردستاندا، سەرباری ئەوەی هەلومەرجەکە لە رووی سیاسیەوە لەو پەڕی ناجێگیریدایە، پەیوەندی نیوان لایەنە سیاسیە حاکمەکان تا ڕادەی بنبەست ناتەندروستە، ئاسۆی ڕەواندنەوەی تەم و مژی پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند ناڕوونە، مەترسی پلانگێڕی هەرێمی و ئیقلیمی لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە لەسەر هەرێمەکەمان لە هەموو کات زیاترە، کەچی لە هەل و مەرجێکی لەم شیوەیەدا لە بری پەنابردنە بەر یەکگرتن، یەکتر قبوڵکردن و دروستکردنی ئیرادەی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیەکان، دەبینین ئاسۆی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشمان تا دێت زیاتر ڕوو لە لێکترازانە.
ڕۆژانە دەبیستین و دەبینین کە چۆن لە هەل و مەرجێکی ناسکی لەم جۆرەدا، لایەنە سیاسییەکان، بەربژێرەکان، کەسایەتیەکان، لە ژێر ناوی خۆئامادەکردن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە دروستکردنی ناو و ناتۆرەی نەشیاو، تۆمەتی بێ بنەما و هەڵبەستراو بەربونەتە جەستەی خوێناوی یەکڕیزی و کوردایەتیمان لەسەر حسابی بەهێزکردنی بەرژەوەندی نەیارەکانمان، ئەم یەکترشکاندن و ناشرینکردنە بە جۆریکە کە خەریکە نەک هەرگۆشتەکە دەخۆین و ئێسقانەکانیش دەشکێنین، بەڵکو وا خەریکە وردو خاشیان دەکەین. بێمتمانەی گەیشتوەتە ڕادەیەک خەڵک لە هەموو شتێک دەسڵەمێتەوە؛ لەسیاسەت،حیزب و حیزبۆکەو….تاد.
من بەش بە حاڵی خۆم، ڕێز لە ھەموو بیرو بۆچونێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی، لەمپەڕی ڕاست بۆ ئەو پەڕی چەپ، بۆ ھەرسیاسەت و بەرنامەیەک، بۆ پرۆژەی هەر کاندیدێک دەگرم گەر بەڕاستی لە پێناو خزمەتی گشتی و دوور بێت لە ناوزڕاندن و تۆمەتی نەشیاو. ناکرێت، ئامادەبێت لەگەڵ هەموو کەس و لایەنێکی نەیار گفتوگۆ و هاوپەیمانی بکەیت بەڵام دانیشتن و یەکڕیزی ناوخۆیی بشێوێنی!
لە دێرزەمانەوە وتراوە، «مرۆڤەکان وەک قەڵەم بۆیەی ڕەنگاو ڕەنگ وان، شایەد ڕەنگی دڵخوازی یەکدی نەبن، بەڵام دواجار بۆ تەواو کردنی تابلۆکە پێویستیان بەھەموو ڕەنگەکانە، بەمەرجی ئەوەی یەکتریان دانەتاشیبێ تائاستی لەناوچوون»، بەڵێ ئێمەش دواجار پێویستمان بەیەکترە بۆ تەواوکردنی ئامانجە سەرەکیەکەمان.
پەندێکی کوردی ھەیە دەڵێت« ڕۆشنایی ڕۆژ لەبنی ڕۆژەوە دیارە» ئەگەر ئێمەی کوردیش بەردەوامبین لەسەر ئەم ڕێبازە چەوت و نەگبەتیەی ڕووی تێکردوین و خەریکە بارودۆخەکە لەگرێژنە دەرکەین و بەرامبەر بە دوژمنان وەک فافۆن و بەرامبەر بەخۆمان وەک پۆڵابین، ئەوا عاقیبەتمان خێرنابێت، خۆمان لەناودەچین و میلەتەکەشمان پاشەڕۆژی نادیار دەبێت.
لە سۆنگەی ئەوەی سەرەوە، داوا لە بەربژێرەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەم، بەتایبەت ئەوانەی بازنەی پارێزگای ھەڵەبجە، کە خۆتان بەدووربگرن لە لاسایی کردنەوەو بوختان و سوکایەتی و جنێودان بەوانیتر، پرۆژەو پەیامی خۆتان لەبواری خزمەتگوزاری گشتی و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکدا بە زمانی گوڵ بخەنەڕوو. چیتان پێیەو چیتان پێدەکرێت لەبواری ئاوەدانی و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی، پیشەسازی، تەندروستی، پەروەردەیی، لاوان، پیران، منداڵپاریزی، وەرزش، فەرهەنگ، چارەسەری بێکاری و پێشنیازی پرۆژە یاسای گونجاو لەو بوارانە و هەموارکردنەوەی ئەوانەی پێشوو و کارکردن لە بواری ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان، ئەوا قۆڵی لێهەڵماڵن و درێغی مەکەن و جێبەجێی بکەن.
بیرتان نەچێت ڕیباز و بیروباوەڕی حزبی ئێوە خۆ بەدوورگرتنە لە ڕستەی نابەجێ و سوکایەتی کردن، لە موھاتەرا ت و قسەی ناڕاست و نابەجێ بۆ دەنگ کۆکردنەوە، بەڵکو بە کرداری کردنی بەڵێنەکانتان پیوەری پاراستنی متمانەی دەنگدەرەکانتانە .
لەبیرتان نەچێت، ئێوە کەرەستە و دەستکەوتی زۆرتان هەیە بۆ بانگەشەکردن. ئێوە، کوڕو کچی شەهید و تێکۆشەرانی ئاوەدانی کوردستانن، سەربەشۆڕشێک و ڕێبازو بیروباوڕێکن، کە سەرۆک جەلال تاڵەبانی ڕابەرایەتی کردووە، کە نەک یەکێتی و کورد بەڵکو گەلانی تری کوردستان و عێراق و رۆژھەلاتی ناوین شانازی بە خەباتی ئەو سەرکردە مەزنەوە دەکەن چی لە شاخ و چی لە شار، لە پێناو ڕزگاری نیشتمانی، خەبات دژی ستەم و چەوساندنەوە، ئاوەدانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتەکان، مافی مرۆڤ، مافی ژن، کریکاران، وەرزشوانان، پیشەوەران، مامۆستایان و خوێندکاران …تاد، بڕوانن تاکو بزانن تەنها یەک بوار هەیە جێ پەنجەی خەباتی ئەو مرۆڤە مەزنەی پیوە دیار نەبێت؟ دە سا ئیوەش بەردەوام بن لە شوێنکەوتنی ڕیبازەکەی و پەرەپێدانی، چونکە ئەو ڕێبازە دەستکەوتەکان دەپارێزێت و ئەوانەشی بەدینەهاتوە بەدیدەهێنێت.
دڵنیابن، میلەتەکەمان ئەو راستیە دەزانێت و ڕێزی ئەو ڕێبازە دەگرێت، بە پێچەوانەشەوە جەماوەری کوردستان بە بێڕێزی سەیری ئەوانە دەکات کە جگە لە بێڕێزی بەرامبەر بەئەوانیتر هیچ شتێک لە هەگبەی کردەوەکانیاندا نییە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *