٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
هەر لە ئێستاوە مامۆستایان خۆیان بۆ راگەیاندنی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن ئامادە دەکەن ئەگەر حکوومەتی هەرێم داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات، بەپێی زانیارییەکانیش هیچ نیازێک نیە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری مامۆستایان.
ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ماوەی زیاتر لە سێ مانگ مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و دواتر لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی بایکۆتیان بێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان شکاند.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ، مامۆستایان بەنیازن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن زەنگی بایکۆت لێ بدنەوە ئەوەش وایکردووە تا ئێستا وەزارەتی پەروەردە رۆژی دەستپێکردنەوەی دەوام بۆ ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەکات.
داواکاری مامۆستایان، پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژە کە هەردوو داواکارییەکە لەلایەن بەغداوە پێویستە جێبەجێ بکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ٧رۆژ وەزیری دارایی عێراق لەبارەی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە ئامادە نین ئەو مامۆستایانە بکەنە گرێبەست.
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق، باس لەو نوسراوە کراوە کە ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەڵام تەیف سامی لە کۆبوونەوەکەدا رەتیکردووەتەوە رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێم بدات بە بیانووی ئەوەی هیچ دەقێکی یاسایی لەبەردەستدا نیە تا ئەو مامۆستایانە بە گرێبەست دابمەزرێنێت.
مامۆستایانی گرێبەستی هەرێم ژمارەیان زیاتر لە ٣٧ هەزار کەسە و ساڵی رابردوو لە بایکۆتی مامۆستایاندا بەشدار بوون دواتر بە بەڵێنی دامەزراندنیان بە گرێبەست بایکۆتیان شکاند.
لە بەرانبەردا مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری ئەوەیان داوە، ئەگەر بڕیاری دامەزراندنیان نەدرێت بۆ ساڵی نوێی خوێندن ناچنە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایانی هەمیشەیش داوای دەستکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەیان دەکەن، ئێستا لەگەڵ نوێنەرانی ناوچە جیاوازەکان لەگفتوگۆدان بۆ ئەگەری راگەیاندنی بایکۆتی سەرتاسەری.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *