٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
دوای حەوت ساڵ لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە هێزێکی سەربازیی ئەمریکی لە سنووری کەرکووک جێگیر کرایەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دزەیان کردووەتە ناو میدیاکان شەوی شەممەی رابردوو هێزێکی سەربازیی ئەمریکی لە هەولێرەوە چوونەتە کەرکووک و بە ئاراستەی سەربازگەی کەی وەن رۆیشتوون کە 13 کیلۆمەتر لە ناوەندی کەرکووکەوە دوورە.
ئەم سەربازگەیە پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر بوو.. بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق پێکەوە هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە کەرکووک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کشانەوە ئەوانیش لەو سەربازگەیە نەمان و بە جێیان هێشت.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکەی ئەمریکا 60 سەرباز دەبن کە بە ژمارەیەک هەمەر و بارهەڵگری سەربازییەوە گەیشتوونەتە سەربازگەکە و لەوێ جێگیرکراون.
دیار نیە ئامانجی گەڕانەوەی ئەو هێزەی ئەمریکا بۆ سەربازگەی کەی وەن چیە؟ بەڵام هەرچی بێت ئەوە دەردەخات ئەمریکا نیازی ئەوەی نیە بەمزوانە هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە.
جگە لە سوپای ئەمریکا هەریەکە لە سوپای عێراق و هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە سەربازگەکە جێگیرکراون..
پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزێکی پێشمەرگەی کوردستانیش لەو سەربازگەیە بوونیان هەبوو.
گەڕانەوەی ئەم هێزانە هاوکاتە لەگەڵ تێکچوونەوەی ئەو رێککەوتنە رانەگەیەندراوەی لەنێوان گرووپە میلیشیا شیعەکان و هێزەکانی ئەمریکا هەبوو لەسەر راگرتنی هێرشەکانی نێوانیان.
جیا لەوە فشارەکان بۆ سەر محەمەد شیاع سودانی بۆ کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا زیادی کردووە و گرووپە وەلائییەکان کۆتاییان بەو مۆڵەتە هێناوە کە بۆ سودانیان دانابوو تا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکاتە دەرەوە.
بە بڕوای شارەزایان بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جێناکۆکەکان دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ لاوازبوونی پێگەی گرووپە میلیشیاکان و گەڕانەوەی کورد بۆ ئەو ناوچانە .. چونکە لە بنەڕەتدا پشتیوانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەرێمی کوردستان لە مەترسی عێراقییەکان بە گشتیی.. پاراستوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *