جۆینی تیلیگرام بن

جەنگێکی جیهانی لەبەردەم دەرگایە.. پارتی و یەکێتی بە چییەوە سەرقاڵن؟

جەنگێکی جیهانی لەبەردەم دەرگایە.. پارتی و یەکێتی بە چییەوە سەرقاڵن؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

جەنگێکی جیهانی لەبەردەم دەرگایە.. پارتی و یەکێتی بە چییەوە سەرقاڵن؟
لەبری دارشتنی پلانی پاراستنی کوردستان خۆیان بە چییەوە خەریک کردوە؟

ئەمریکا کەشتییە جەنگییەکانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، فڕۆکە بۆمبهاوێژە تۆقێنەرەکانی بە ئاسمانی ناوچەکدا دەسوڕێنەوە، جەنگێکی گەورە و سامناک لە ئانوساتی هەڵگیرساندایە، میلیشیاکان خۆیان بۆ کاتیۆشا تەقانن ئامادەدەکەن، ساحەی جەنگەکە لە بەردەم دەرگای هەرێمدایە.. کەچی پارتی و یەکێتی هەر خەریکی شەڕە پەڕۆو کای کۆن بە باکردنن.

ئەم دوو حیزبە چەکدارە چی نەماوە بە میللەتی باشووری کوردستانی بکەن؟

هەر لە ئەنفال و کیمیاباران و شەڕی ناوخۆ و دزینی بەنداو و هێنانی سوپای بێگانە و بەعس، تا شەڕەپەڕۆ و کای کۆن بەباکردن!

هەمووی لە پێناو ئەوەی کامیان پۆستی قایمقامێک یان پارێزگارێک لای بەغدا وەربگرێت!

میدیا سێبەر و جنێو فرۆشەکانیان بەرداوەتە گیانی یەکتر و رووی ناشرینی یەکتر هەڵدەماڵن!

ئەمڕۆ ١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان تێپەڕ دەبێت کە جیهانی نوێ بەناوهێنانی شەرمەزار دەبێت بەو پێیەی لەسەدەی ٢١کدا نەتەوەیەک بە بەرچاوی هەموو دنیاوە قەتڵ و عام کران.

ئەگەر لە کیمیایی باران و ئەنفال و جینۆسایدەکانی سەدەکانی رابردوودا، کورد بێ دەسەڵات بووبێت، جینۆسایدی ئەمجارە لە سەردەمێکدا روویدا کورد خاوەنی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار چەکدار و حکوومەت و پەرلەمان و نەوت و پارە بوو!

١٠ ساڵ لەمەوبەر پارتی و یەکێتی پێکەوە شەنگالیان رادەستی چەند چەکدارێکی تیرۆرستی عەرەب کرد و ئەوانیش بێ ڕەحمانە تا توانیان لێیان کوشتن، ئەوانەی لە دەستیان دەربازبوون لە برسێتی و تونییەتیدا گیانیان بەخشی، ئەوانەشی دەستگیرکران کچە شۆخ و شەنگەکانیان لێ کرانە کەنیزەک و خرانە باوەشی پێ پەتی و نەعل لەپێکانەوە.

کورد بە درێژایی مێژووی قوربانیدانی، هەموو زوڵمێکی قبوڵ کردبێت، ئەتکردنی ناموس و شەرەفی پێ قبوڵ نەکراوە، ئەوەشی قبوڵی کردبێت بە بێ شەرەف و بێ کەرامەت ناوی بردووە، بەڵام ئەم دوو حیزبە بە دەستی خۆیان کچانی ئێزدییان خستە باوەشی مشتێک عەرەبی قولەپێ ڕووت و پرچ درێژی رەش تاڵەوە.

ئێستا دوای ١٠ ساڵ عێراق و کوردستان لە بەردەم گەورەترین مەترسیدان، دوور نیە جەنگی ئیسرائیل و ئێران هەڵبگیرسێت و عێراقیش بە هەموو پێوەرەکان مەیدانی جەنگەکەیە! کە لە ئەگەری روودانیدا میللەتە ژێر دەستەکان لە ژێر پێیەکانی شەڕی فیللەکاندا دەهاردڕێن!

کەچی تازە بە تازە پارتی و یەکێتی لەسەر پارێزگارێک بۆ کەرکووک رێک ناکەون، لەسەر قایمقامێکی نەینەوا پەنا بۆ سودانی دەبەن.

تازە بە تازە لیستی مووچە پڕ دەکەن لە بندیواری نوێ، کای کۆن هەڵدەنەوە و رووی خۆیان ئەوەندەی دیکە لای میللەتەکەیان ناشرین دەکەن!

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو