جۆینی تیلیگرام بن

چۆن ١٨٢ دۆنم زەوی قوتابخانەیەک لە سلێمانی لەسەر کۆمپانیایەک تۆمار کراوە؟

چۆن ١٨٢ دۆنم زەوی قوتابخانەیەک لە سلێمانی لەسەر کۆمپانیایەک تۆمار کراوە؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وەک دوایین کارتی دەستی بۆ رێگریکردن لە بازرگانێک بۆ وەرگرتنی ١٨٢ دۆنم زەویی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە.

جارێکی دیکە پرسی تەخشان و پەخشان کردنی زەوییە نایابەکانی سلێمانی بەسەر کۆمپانیا و دەستڕۆیشتوەکانی ناو حیزب سەری هەڵدایەوە.

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند ئەگەر بڕیاری پێدانی ئەو زەوییە بە کۆمپانیای بەڕێز هەڵنەوەشێتەوە دەست لەکاردەکێشێتەوە.

مانگی نیسانی رابردوو دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، وەبەرهێنەرێك دەیەوێت 182 دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بكاتە شوێنی نیشتەجێبوون بەڵام ئەوان رەتیانكردووەتەوە، هەر ئەو کات وتی دڵنیام ئەو وەبەرهێنەرە پشت‌ وپەنای هەیە.

وەبەرهێنەرەکە ناوی یاسین مەحمودە و ناسراوە بە مەلا یاسین خاوەنی کۆمپانیای بەڕێزە و هاوکات وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستانە.
ئەم کۆمپانیایە دەیەوێت ١٨٢ دۆنم زەوی لە باشترین شوێنی سلێمانی بکاتە یەکەی نیشتەجێ بوون، بە وتەی بەڕێوەبەری پەروەردە لە ئاستی باڵادا واستەی گەورە بۆ پێدانی ئەو پارچە زەوییە کراوە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیاکانی وتووە چەند جارێك فەرەیدوون عەبدولقادر ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و یاسین مەحمود بەریوەبەری كۆمپانیا بەرێز هاتوونەتە وەزارەتی پەروەردە بۆ وەرگرتنی ئەو پارچە زەویە.

بەپێی زانیارییەکان ئێستا پارچە زەوییەکە لەسەر کۆمپانیای بەڕێز تۆمار کراوە و بەنیازە بەمزوانە دەست بە کارەکانی بکات.

کۆمپانیای بەڕێز لە روونکردنەوەیەکدا دانی بەوەداناوە کە پارچە زەوییەکەی بە رێنماییەکانی حکوومەت وەرگرتووە و بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە موزایەدەچی وەسف کردووە.

ئەمە لەمساڵدا دەیانجار دۆسیەی تەخشان و پەخشانکردنی زەوییە نایابەکانی سلێمانی بەسەر کۆمپانیای بەرپرسان و دەستڕۆیشتوەکانی شارەکە ئاشکرا کرا بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە رێگری لەو دیاردەیە بکرێت.

پێشتریش کۆمپانیای قەیوانی نزیک لە یەکێتی دوو گردی لە شاخی گۆیژە تێکدا بۆ ئەوەی بیکاتە پرۆژەی نیشتەجێ بوون هەرچەندە دەنگدانەوەی فراوانی دروستکرد بەڵام کۆمپانیاکە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەی.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو