جۆینی تیلیگرام بن

بەڵێ بایکۆت زیانی هەیە و یەکەمەکانیش هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت

بەڵێ بایکۆت زیانی هەیە و یەکەمەکانیش هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت

عوسمان گوڵپی

بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥وە وەك یەکێك لە ڕێگاکانی فشاری مەدەنی چەند ساڵێك دووبارە بوەتەوە، بە کات و شێوەی جیاواز، کە دیارترین و کاریگەرترینیان ئەمساڵی خوێندن بوو کە دەتوانرێت بوترێت لە سنورێکی فراوانی نزیك بە ٧٥٠ هەزار خوێندکاریدا لە ٪٩٠زیاتری پرۆسەی خوێندن لە ١٥/٩/٢٠٢٣ وە بۆ ماوەی پێنج مانگ خوێندن پەکی کەوت، پەكکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە گرنگترین و کاریگەرترین مانگەکانی خوێندندا بوون، ئەوە وێڕای ئەوەی ئەو دۆخە داراییە خراپە کاریگەری لەسەر تەواوی کایەکان داناوە بەو دەڤەرەش کە بایکۆتی تێدا ئەنجام نەدراوە، بە تایبەت بۆ پرسی پەروەردە، ئاستی خوێندنی دەڤەری زەرد هیچ لەدەڤەری سەوز باشتر نیە.

کاریگەریەکانی مانەوەی هۆڵەکانی خوێندن بە داخراوی و نەچوونەوەی خوێندکار بۆ خوێندنگە لێکەوتەی زۆر نەرێنی هەیە و لێکەوتەکانیشی درێژ خایەنن و مامۆستایان لە هەموان زیاتر هەست بەو کاریگەریە خراپە دەکەن، گەر بەوردی سەرنج بدەیت ئەوا ڕۆژانە مامۆستایان ڕووبەڕووی ئەو بابەتانە دەبنەوە کە بنەماکانیان لە قۆناغەکانی پێشتردان و ئێستا دەبێت قوڵتر بخوێنرێن بەڵام لەبەر ئەوەی لە قۆناغەکانی پێشتردا خوێندکار لە ڕووی خوێندنەوە تێر نەبوە تا ئێستا توانای هەزمکردنی ئاستی زانستی قۆناغەکەی خۆی هەبێت، بۆیە هەموو ئەو ساڵانەی بایکۆتیان تێدا بوە خوێندکاران تێر نەبوون لە ئاستی زانستیان و هیچ ڕێگایەکی قەرەبووکردنەوەی بۆ دانەنراوە و دەسەڵات لەمەشدا کەمی هێناوە، بەڵکو میکانزمی تێپەڕاندنی ساڵ گیراوەتەبەر لە کەمکردنەوەی مەنهەجەوە تا هەر رێگایەکیتر، تێپەڕاندنی ساڵ پێویستی بە شیکردنەوە نیە، وەك چاوێکی دەرهاتوو وایە و چاوێکی شوشەی لە شوێن دانرابێت، لە ڕووی شکڵیەوە گرفتەکە چارەسەر دەکات بەڵام کاری چاو بینینە نەك جوانکردنی شێوەی مرۆڤ، هەرگیز ئەو ساڵانەی بایکۆتیان تێدا ئەنجامدراوە ساڵێ خوێندنی ئاسایی نین و لێکەوتەکانیشی بەردەوامی هەیە.

بۆیە هێنانی نمرەی بەرزی چەند خوێندکارێك نابێ ببێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە پێمانوابێ بایکۆت کاریگەری خراپی لەسەر پرسی پەروەردە نیە، بە پێچەوانەوە دەبێت هەمیشە کاریگەریە خراپەکانی بایکۆت بخەینە ڕوو تا ڕای گشتی لەسەر دروست ببێت، تا دایکوباوکان هوشیاری تەواویان هەبێ لەسەر ئەوەی کە خوێندنگاکان دادەخرێن لێکەوتەکانی چین، تا کاتێك مامۆستایان باس لە بایکۆت دەکەن ڕای گشتی ڕاچلەکێنێ بەرامبەر دەسەڵات و ئەویش هەست بە مترسیەکەی بکات، دەبێت مامۆستایان بە تایبەت ئەوانەی باوەڕیان بە بێدەنگی نیە و چەندین ساڵە وەك گروپی فشار دەردەکەون، ببنە بڵندگۆی هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە کاریگەری خراپی بایکۆت و لێکەوتەکانی، تا کاتێك دەستی بۆ دەبەن و دەیکەنە چەکی فشار ئەو کات دایکان و باوکانی خوێندکاران و خودی خوێندکارانیش لە ژێر کاریگەری لێکەوتە خراپەکانی بایکۆتدا هاوشانی مامۆستایان ببنە بەشك لە فشارەکان تا زووتر دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە، گەر تەنها دایکوباوکانی خوێندکاران لە پێناو داهاتووی منداڵەکانی خۆیاندا داوای چارەسەری گرفتەکان بکەن و بە زمانێکی سادە بڵێن مافی مامۆستاکان بدەن تا دەرگای قوتابخانە لە مناڵەکانمان دانەخرێت، بەسە بۆ گەشتنە ئامانجەکان و دروستبونی فشاری ڕاستەقینە لەسەر دەسەڵات.

دەبێت زۆر سادە بە دەسەڵات بڵێین بەڵێ بایکۆت زیانی هەیە، بەڵێ باش دەزانین بەدیلی داخرانی دەرگاکانی خوێندن کردنەوەی دەرگای حەوشەکانە بە ڕووی کۆڵانەکاندا، دەزانین دوورکەوتنەوەی خوێندکار لە خوێندن لە خوار تەمەنی ١٥ ساڵیەوە، واتە نزیکبونەوەی خوێندکار لە هەموو ئەو شتانەی کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبەن، ئێمە باش لە پرسی خوێندن و پەروەردە تێدەگەین چونکە بۆ خۆمان یەکێکین لە پایەکانی وەستانی پەروەردەین.

لێرەدا پرسیارە جدیەکە ئەوەیە بۆ چی بایکۆت؟ کێ بەرپرسە؟ بۆ وەڵامی یەکەم زۆر سادەیە چونکە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بە پێشکەوتوەکانی ئێستاشەوە کاتێك مافی کەسێك لە کارەکەی پێشێل دەکرێت بەتایبەت لە پرسی ئەو مووچەیەی وەریدەگرێت، یەکەم هەنگاو بیری لێدەکاتەوە ڕاگرتنی کارەکە و دەربڕینی ناڕەزایی و گردبونەوە و خۆپیشاندانە، ئەوەشی وایکردوە کە کۆمەڵگە زەرەرمەند نەبێت بەدەمەوە هاتنی دەسەڵاتە بۆ پرسەکە، واتە کاتێك دەسەڵاتێك بە هەر پاساوێك بێت مافی مامۆستاین نادات و قوتی مناڵەکانیان دەخاتە بەردەم مەترسی ئیدی هەموو لێکەوتەکانی بڕیاری نەدانی مووچەو مافەکان دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی پێشێلکار کەدەسەڵاتە، چونکە لێکەوتەی نەدانی مووچە و هەژارخستنی خەڵک کاریگەریەکەی لەسەر کۆمەڵگە زۆر زیاترە لە داخستنی هۆڵی خوێندن لە هەموو ڕوەکانەوە، چونکە تاکێکی نە خوێندەواری خاوەن شکۆی بە ئیرادە زۆر باشترە لە خوێندەوارێکی بێ شکۆی تێکشکاوی بێ ئیرادە.

بۆیە لە کۆتایدا هەموو ئەو بانگەشانەی کە بە مەبەستبێت یان بێ مەبەست بە هۆی هێنانی نمرەی بەرزی چەند خوێندکارێکەوە دەکرێن، کاردانەوەن و تەندروست نین، وەك چۆن دەسەڵات زۆر هەڵە مامەڵەی لەگەڵ پرسی بایکۆتدا کردوە. کاتێك مامۆستایەك دەڵێت وێڕای بایکۆت بەڵام خوێندکاران نمرەی بەرز دەهێنن، ئەو کات دەبێت بپرسین ئایا ئەمە کەمکردنەوەی ڕۆڵی مامۆستا نیە لە پۆلدا؟ بەهای کردنەوەی دەرگای خوێندن لە کوێدایە؟ کە لەڕاستیدا مامۆستایان بۆ ئەوە لە پۆلەکاندا نین تەلەبە ئاست بەرزەکان نمرە بهێنن بەڵکو بۆ ئەوە لە پۆلدان لاوازەکان بگەیەننە ناوەند و ئاستی ناوەندەکان بۆ بەرزتر بەرزکەنەوە، ئەگەرنا هەندێك خوێندکار هەن توانای زیرەکیان بە جۆرێکە کە کاریگەری دەوروبەر لەسەریان زۆر کەمە، بەڵام ئەمانە نوخبەن و نابنە پێوەر بەڵکو ئاستی خوێندکاران بەگشتی و قۆناغ بەندیەکانیان پێوەری ڕاستەقینەن، هەرچەند گرفتی زۆر هەیە لە پەروەردەدا کە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت لە شێوازی ئیمتحانەوە بیگرە تا ئەو مەنهەجە کۆنە تەقلیدیەی کە زۆرترینی پشت بە لەبەرکردن دەبەستیك.

بۆیە لە کۆتایدا دەڵێم بەڵی بایکۆت زیانی هەیە، بەڵێ خۆپیشاندان حاڵەتێکی نائاساییە و رێگەی فشارە و دەسەڵاتی تەندروست پێویستی بەوە نیە بۆ وەرگرتنی ماف خۆپیشاندان بکەیت، بەڵێ نەدانی مووچە زیانی هەیە، بەرپرسیارێتی بایکۆت و نەدانی مووچە و خۆپیشاندانیش هەمووی لە ئەستۆی دەسەڵاتە کە بەئەرکی خۆی هەڵناسێت، نەك تەنها داخرانی دەرگاکانی خوێندن لە ئەستۆی دەسەڵاتە و زیانی هەیە، دەستگیرکردنی مامۆستایان و شەهیدکردن و بێ ڕێزی پێکردنیان زیانی هەیەو لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە، ئێمە باش دەزانین کاریگەریە خراپەکانی بایکۆت چین و ناچاربوین لە پێناو داوا ڕەواکانماندا وەك ڕێگایەك بیگرینەبەر، وەك ئەو جەنگاوەرەی دەچێتە شەڕی بەرگری لە خاکەکەی لە کاتێکدا باش دەزانێت لێکەوتەی جەنگ مردن و بریندار بوون و ماڵوێرانیە، بەڵام هەر دەچێتە ئەو سەنگەرە و باش دەشزانێت سەرکەوتن یان شەهیدبونی هیچ لە لێکەوتە خراپەکانی جەنگ کەم ناکاتەوە، بەڵام بۆ مرۆڤی ساغ بەرگریکردن لە مافەکانی لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

بەڵێ بایکۆت زیانی هەیە و دەسەڵات بەرپرسی هەموو زیانەکانە، ئەوەی مامۆستایان کردیان ڕووبەڕووبونەوەی ستەم و داوای ماف بوو.

عوسمان گوڵپی

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو