جۆینی تیلیگرام بن

کێ لە پشت هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی پارتی و یەکێتییەوە؟

کێ لە پشت هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی پارتی و یەکێتییەوە؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

تەنیا لەمسالدا دوو بەرپرسی دیاری پارتی و یەکێتی لە دوو هەوڵی تیرۆرکردن رزگاریان بووە کە هەردووکیان لە رێگەی بۆمبی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە بووە.

پارتی و یەکێتی ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوام لە ململانێی توندان و بەهۆی ئەو ململانێیانەوە زنجیرەیەک رووداوی ئەمنی جیاواز لە ژێر دەسەڵاتی هەر یەکەیان روویانداوە کە یەکتر بە ئەنجامدانی تۆمەتبار دەکەن.

نوێترین رووداوی ئەمنی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکانی عەتا سەراوی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی و دواتریش تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی بوو.

تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی پرسیاری وەڵام نەدراوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هەرچی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتین خۆی بە ئەنجامدەری تەقینەوەکە تۆمەتبار دەکەن و لەسەر ئەو دۆسیەش ماوەی زیاتر لە ١٠ رۆژە دەستگیریان کردووە. بەڵام خۆی و کەسوکارەکەی ئەو تۆمەتانە رەت دەکەنەوە و رووداوەکە دەبەستنەوە بە ململانێکانی ناو یەکێتییەوە و ناوی ژمارەیەک فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی لەو رووداوەدا دەهێنن.

هێشتا دۆسیەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی عەتا سەراوی یەکلا نەبووەتەوە، رۆژی دووشەممەی رابردوو لە رووداوێکی هاوشێوەدا ئەکرەم ساڵەح بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی دەربازی بوو.

بەرپرسانی پارتی دیموکرات لەسەر ئاستی باڵا هاتونەتە سەر خەت و بە توندی ئیدانەی ئەو رووداوەیان کردووە و داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەن ئەنجامدەرانی دەست نیشان بکەن.

لە ژمارەیەک راگەیەندراوی جیاوازدا، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکرات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و لقی ٢٢ی گەرمیان بەیاننامەی جیایان لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە.

بەپێی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، ئۆتۆمبێلەکە لە بەردەم شوێنی مانەوەی ئەکرەم ساڵح لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار روویداوە.

تا ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بە ئەنجامدانی ئەو رووداوە تۆمەتبار نەکراوە بەڵام هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

هەردوو تەقینەوەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و هەردووکیان لە رێگەی بۆمبی چێنراو ئەنجام دران، هەردوو تەقینەوەکەش تەنیا زیانی ماددیان خستەوە.

ئەم رووداوە ئەمنیانە هاوکاتن لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پارتی و یەکێتی هەرجارە و بە بیانوویەک رێگری لە ئەنجامدانی دەکەن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو