٧رۆژ- ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
رۆژی سێ شەممە ٢ – ٧ – ٢٠٢٤ ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە شاری سلێمانی بە بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بە سەختی بریندار بوون کە تەندروستی یەکێکیان تا ئێستاش ناجێگیرە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەست ٧رۆژ کەوتوون، ئۆتۆمبێلەکە لە رێگەی بۆمبی چێنراوەوە تەقێنراوەتەوە و بە درۆن نەکراوەتە ئامانج.
هەرچەندە دەزگای ئاسایشی هەرێم سەر بە یەکێتی نیشتیمانی هیچ زانیارییەکی لەسەر ناسنامەی بریندارانی تەقینەوەکە ئاشکرا نەکرد، بەڵام دەزگای دژەتیرۆری کوردستان سەر بە پارتی دیموکرات رایگەیاندووە ئەندامی هێزەکانی پەکەکە بوون.
ئەم رووداوە ئەمنییە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی تورکیا بەردەوام لە سلێمانی و یەکێتییان دەکات.
لە هەفتەی رابردووەوە میدیاکانی تورکیا بە چڕی زانیاری لەسەر ئەگەری بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاودەکەنەوە.
لە ژێر کاریگەری ئەو زانیاریانەدا، ئەمڕۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق بە هاوڕێیەتی پەرلەمانتارەکانی یەکێتی سەردانی فڕۆکەخانەی سلێمانیان کرد و تۆمەتەکانی تورکیایان لەسەر ئەو پرسە رەتکردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەست ٧رۆژ، لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەمنی لە نێوان ئێرانییەکان و تورکەکان لە سلێمانی و بەغدا لەسەر پرسی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام دراون، لەو کۆبوونەوانەدا باس لەوەکراوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ گواستنەوەی چەک و درۆن بۆ گەریلاکانی پەکەکە بەکارهاتووە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن تورکەکانەوە سزا دراوە، رێگە بەهیچ هێڵێکی ئاسمانی نادەن کە کایەی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەکاربهێنێت لە فڕۆکەخانەیە بنیشێتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند خراپی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی بەهۆی ئەو راپۆرتە ناڕاستانەوەیە کە لە هەرێمەوە ئاڕاستەی دەکرێن.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدان، ئێستا سوپای تورکیا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی فراوان دژی گەریلاکانی پەکەکە کردووە.
هەزاران سەرباز لە ناوچەکە بڵاوەیان پێ کراوە و دەیانی گوندی نوێیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ٧رۆژ، لە سنووری گوندەکانی بەراوری باڵا سوپای تورک بازگەیان داناوە و داوای ناسنامە لە گوندنشینانی سنوورەکە دەکەن، بەشێک لە گوندنشینەکانیش گوندەکانیان چۆڵ کردووە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *