جۆینی تیلیگرام بن

تورکەکان چۆن لەناو خاکی هەرێم داوای پێناس لە هاووڵاتیان دەکەن؟

تورکەکان چۆن لەناو خاکی هەرێم داوای پێناس لە هاووڵاتیان دەکەن؟

٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

سوپای تورک ماوەی چەند رۆژێکە ئۆپراسیۆنێکی زەمینی فراوانی لە چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێ کردووە و لە بەشێک لە ناحیەکانیش بازگەی داناوە و داوای پێناس لە هاووڵاتیان دەکات.

ئەمە دیمەنی، سوپای تورکیایە کە بە قوڵایی زیاتر لە ٣٥ کیلۆمەتر هاتوەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و بە ئاشکرا لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا دەسوڕێنەوە.
شەوی رابردوو بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی سنووری ناحیەی بامەڕنی و کانی ماسی لەلایەن بازگەیەکی سوپای تورکەوە لە ناوچەکەیان راگیراون و داوای پێدانی ناسنامەکانیان لێ کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو گوندنشینانە بە سەربازە تورکەکانیان وتووە، ئەوان لە ماڵی خۆیاندان پێویستیان بە هەڵگرتنی پێناس نیە بەڵام سەربازە تورکەکان پێیان وتوون کە پێویستە لەمەودوا پێناس لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن.

ئەم رووداوە، لە کاتێکدایە، ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی هەرێمدان و هیچ بنکەیەکی گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچانە بوونی نیە.

بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، نزیکەی دوو هەفتەیە سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان کردووە لە سنووری کانی ماسی و چیای مەتین، سەربازەکانیان بە چەکی قورسەوە دەگەڕێن و بازگە دادەنێن.

ئەم هەنگاوە نوێیەی تورکیا دوای هەڵکردنی گلۆپی سەوزی عێراقە بۆ تورکیا بۆ دەستکردن بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دژ بە گەریلاکانی پەکەکە.

تورکیا تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ بنکەی سەربازیی لەسەر خاکی هەرێم لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر دروستکردووە و بەردەوام ژمارەی ئەو بنکانەش زیاد دەکات.

لە بەرانبەر تورکیادا، ئێرانییەکان فشاریان لەسەر یەکێتی نیشتیمانی دروستکردووە تا بنکەوبارەگاکانی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی چۆڵ بکرێن.

هەر سێ کۆمەڵەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردووە کە بەرپرسەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە بارەگاکانیان چۆڵ بکەن بە پێچەوانەوە سوپای عێراق هێرش دەکاتە سەریان.

ئەو پەرەسەندنە ئەمنیانە تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی نەهێناوەتە سەر خەت، هیچ هەنگاوێکی بۆ رێگری کردن لە زیاتر هاتنە ناوەوەی سوپای وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر خاکی کوردستان نەناوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو