جۆینی تیلیگرام بن

بۆچی لاهور شێخ جەنگی داوای دەست لەکارکێشانەوەی نێچیرڤان بارزانی کرد؟

بۆچی لاهور شێخ جەنگی داوای دەست لەکارکێشانەوەی نێچیرڤان بارزانی کرد؟

٧ڕۆژ-ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد

لاهور شێخ جەنگی لە بەردەم مایکی چەند میدیایەکدا هێرشی توندی کردە سەر نێچیرڤان بارزانی و پێی وت ئەوە چ سەرۆکی هەرێمێکە ئەگەر من لە بری ئەو بم دەست لەکار دەکێشمەوە.

ئەم وتانەی لاهور شێخ جەنگی سەرەکی بەرەی گەل لە وەڵامی پرسیاری میدیاکارێکدا بوو کە لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڕاستەی کردبوو.

سەرۆکی بەرەی گەل رووی دەمی کردە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و وتی چوار بۆ پێنج جار وادەی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و دواتر پێیان هەڵوەشاندوەتەوە، هەروەها بەوە تۆمەتباری کرد کە دەسەڵاتەکانی قۆرخ کردووە.

پەیوەندی نێوان نێچیرڤان بارزانی و لاهور شێخ جەنگی تا پێش رووداوەکانی ٨ی تەمموزی ناو یەکێتی زۆر ئاسایی و بەهێز بوون بەڵام لە پڕێکدا هەمووشێک ئاوەژوو بوویەوە.

بەپێی زانیارییەکان نێچێرڤان بارزانی رۆڵێكی سەرەکی هەبووە لە هاوکاریکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە دوور خستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە ناو یەکێتی.

لاهورشێخ جەنگی لە چەند وێستگەیەکی جیاوازی دیکەدا هێرشی هاوشێوەی کردووەتە سەر نێچیرڤان بارزانی.

لە دیمانەیکی تەلەفزیۆنیدا کە ساڵی رابردوو کەناڵی رووداوی سەر بە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵی ئەنجامدا و دواتر رێگری لە بڵاوبوونەوەی کرا، لاهور جەنگی چەند جارێک هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆکی هەرێم.

لە سەروبەندی رووداوەکانی هەشتی تەمموزی ناو یەکێتی دەزگای زانیاری و هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی لەلایەن براکانی لاهور جەنگییەوە کۆنتڕۆڵکرابوون بەڵام بە مەرسوومی سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی دەزگای زانیاری یەکێتی لە چەند کاتژمێرێکدا لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی گۆڕانکاری بەسەر هات.

لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئەو کات زانیاری ئەوە بڵاوبوویەوە کە نەخشە داڕێژەی پلانی دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن خودی نێچیرڤان بارزانییەوە داڕێژراوە.

بە بڕوای شارەزایان نێچیرڤان بارزانی بەم دواییانە بەهۆی خواستی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەرکەوتنی لە ساحەی سیاسیدا زیات بووە بەڵام لە بنەڕەتدا دەسەڵاتەکانی بە تەواوی سنووردارکراون و رێگەی پێناردرێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت.

لە دۆسیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، جیا لەوەی پێنج جار وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کردووە لەم پێنج جارەدا زۆربەی جارەکانی بەرپرسانی حیزبەکەی خۆی ئامادەنەبوون لەو وادانەدا کە دیاریکردوون بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو