رەنگینی شەهید عەبدوڵڵا
ئێستا باوی ئەوەنیە ناسنامەكەت لە نەسلی ئەسڵزادە بێت، بەڵكو شانازی لەوەدایە كە رەسەنایەتی بە پێودانگی نا مۆڕاڵی پێوانە بكرێت، ئیتر وێردی سەر زمانی ئەم رۆژگارە ئاوایە، (كچی باوك) عینوانێكی روكەشە و لەناویدا پۆڵێنبەندی تازەی تێدا داڕێژراوەتەوە، رۆڵەی قارەمان و كچی تێكۆشەر و كەنیشكەی باوك شەهید و كیژۆڵەی ژیان زەوتكراو ناسنامەگەلێكن بۆ شانامەی پوچ، نەك پێزانین و پشتیوانی، لەجێگەی ئەوان، خانمی دیوەخان و دادەی باربۆكراوی سیاسی و وەچەی خێڵ و بنەی بنەماڵەی قەبە دەبن بە ناونیشانی تازە.
(شۆڕش)یش قۆناغێكی سەیرە، دەقاودەق ئەوەیە كە (ساراماگۆ) دەیڵێت “نە كاردانەوەی سۆزداریە و نە لێدانی چەپڵەیە تا دەستەكانت دەوەرن، نە هوتاف و نەعرەتەیە تا گەرو دەپسێ، بەڵكو ئازارێكی بەجێماوە، كچان لە بێ باوكیدا بە نوزە و نزا دەیڵێنەوە”، ئیدی شۆڕش و كوڕەكانیشی هەموو شتێكیان بردەوە و منداڵانی قوربانی بە تەنها بەجێمان، بە جێمان و تەریك كەوتن، دەخرێن و نایەڵن هەستنەوە، ئەوانەی پلانسازی ئەو خستنەن، چون خۆیان بەتاڵن لە مێژوو، خاڵین لە رابردوو، چونكە ئەهلی ئەو شوناسە نین، بۆیان گرنگ نیە لە كێبڕكێ و ماراسۆنی میداڵدا كامیان (یوسان بۆڵت) دەبێت.
ئەوانەی چەپڵەی دیوەخان و موبارەكبادی خێڵ و ئێل و بنەماڵەی بەدەسەڵاتیان مەبەستە، ئەوانەی بۆ مانەوەی خۆیان (رابردو) سفر دەكەنەوە و هاوكێشەی قابیل بەخۆیان رەوانەی (داهاتوو) دەكەن، مەگەر تەنها لە دڵی قەسیدەكەی (ماغۆت)دا جێگایان ببێتەوە، كە فەرمووبووی “ئەوەی لەسەر بێبەشكردنی خەڵكی تر لە روناكی بژی، خۆی لە تاریكیدا دەخنكێنێت”، خنكان و فەوتی جەستەیی نا، بەڵكو پوكانەوە و بیرچوونەوە، چونكە ئەوەی بەخشینی رۆحی بە میرات بۆ جێمابێت، رۆحی ئەوەندە گەورەیە مل نەدات بخرێتە ناو قاڵب و قەتیسكردنەوە.
رەنگە ئێمە لە بەردەم چەند جۆرێكی نوێ لە پۆڵێنكردنەوەی كچەكاندا بین، بەڵام لەپێناو ئەوەی (شكاندن) نەبێتە ئامانج، تەنها كیژۆڵەی باوكە شەهیدەكان ناودەنێین (كچانی ئاسمان)، ئەمە گوزارشتێكە لە درامایەكی وڵاتی خوێنینی سەرایڤۆوە هاتۆتە دنیا، كە نازەنینێكی دڵشكاو رودەكاتە هەمووان و بە ویقارێكی بەرزەوە دڵێت: ئێوە بڕۆن لە كۆشكەكان بەدوای خانمدا وێڵ بن، لە دیوەخان و ناو ئێڵەكان كچ بۆ ناونیشان و ستایش بدۆزنەوە، لەناو قاقای كەیف و سەدای سەفا كەنیشك بكەن بە براند، بەڵام ئێمە لە گۆڕستان، بە تەنیشت كێلی گۆڕ و مەزاری باوكەوە، بە تەنیشت چیرۆكی نێژراوی خوشك و دوعای سەربڕدراوی دایكەوە، بە تەنیشت خەونی ئاوێزانی براوە دەوەستین و چاو دەبڕینە ئاسمان، لەوێوە خودا دەڕوانێتە دڵەكانمان، چونكە ئێمە دەمێكە بووین بە كچانی ئاسمان.
ئەوانەی مێژوو (باڵا)ی پێبەخشیوون، هەرگیز نابن بە (كاڵا)، چونكە هیچ تیۆرێك ناتوانێ باڵا و كاڵا لە یەك رستەدا جێگە بكاتەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *