٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتەوە بە قازانجی پارتی و یەکێتی شکاوەتەوە و بەهۆیەوە رۆژانە داهاتێکی گەورەیان دەست دەکەوێت.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ٧رۆژ ئەنجامیداون، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و لەناوخۆدا بەشێکی ساغ دەکرێتەوە و بەشێکی دیکەشی بە تانکەر رەوانەی دەرەوە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە 25-٣ی ساڵی2023ـەوە هەناردکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر داوای حکوومەتی عێراق راگیراوە.
راگرتنی نەوت کاردانەوەی فراوانی لە هەرێمی کوردستان دروستکرد و بەو جۆرە لێکدانەوەی بۆ کرا کە دۆسیەی نەت لە ژێر دەستی پارتی و یەکێتی دەرهێنراوە و عێراق دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات.
بەڵام دوای زیاتر لە ساڵێک لە راگرتنی هەناردەی نەوت، ئاماژەکان پێچەوانە بوونەتەوە بە جۆرێک پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان بەردەوامن لە کۆکردنەویە داهاتی نەوت.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان کە بە ئەپیکور ناسراوە رایگەیاندووە لە ئێستا ئەوان رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن و لە بازاڕەکانی هەرێمدا ساغی دەکەنەوە.
لەو ماوەیەی کە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە راگیراوە حکوومەتی هەرێم هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر داهاتی نەوت بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان بەشێکی زۆری ئەو نەوتە لە رێگەی سنوورەکانەوە بە تانکەر ئاودیوی ئێران و تورکیا دەکرێت.
بەشێکی دیکەشی لە ناوخۆدا دەپاڵێورێت و بەرهەمەکەی هەر لە ناوخۆدا ساغ دەکرێتەوە.
زانیارییەکانی دەست ٧رۆژ ئاماژە بەوەدەکەن، بەهۆی ساغکردنەوەی بەنزینی بەرهەمهاتووی پاڵاوگەکانی پارتی و یەکێتی رێگە بە هەرزانبوونی نرخی سوتەمەنی لە کوردستان نادرێت، ئەگەرنا دەکرێت نرخی سوتەمەنی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەرزانتر بێت.
زیانی راگرتنی هەناردەی نەوت بۆ عێراق بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی زیاتر لە ١١ ملیار دۆلا بووە، بەڵام بۆ پارتی و یەکێتی دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە.
هەر لایەک نەوتی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە دەردەهێنێت و بەشێوەی قاچاخ ساغی دەکاتەوە و داهاتەکەشی ناخرێتەوە سەر خەزێنەی حکووت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *