٧ڕۆژ – ڕێبوار حەمەلاو ئەحمەد
ئەمە هەناوی توڕەی دایکە حاجییەکەی بە تەمەنی ناوچە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستانە، کە بە تۆنێکی بەرز و پڕ بە گەڕووی دژی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بەرانبەر بە فەرامۆشکردنی ئەو ناوچانە هاوار دەکات.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو عەرەبە هاوردەکان رێگری لە جوتیارە کوردەکانی سنووری گوندی پەلکانە دەکەن کە بەروبوومەکانیان بچننەوە.
پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی چەکدار کە کۆنتڕۆڵی باشووری کوردستانیان کردووە بە تەواوی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانیان خستوەتە دەرەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەوەش وایکردووە بەردەوام خەڵکی ئەو ناوچەیە لە ژێر تەعریب وچەوساندنەوەی عەرەبی هاوردە، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بن.
لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەم دوو هێزە سیاسییە ئەوەندەی سەرقاڵی ئەوەبوون کە یەکتر بە خیانەتکار و خاک فرۆش ناوزەند بکەن ئەوەندە لە خەمی گەڕانەوەی کورد بۆ ئەو ناوچانە نەبوون.
ئەم دوو هێزە هەر یەکەیان بە ئەندازەی ئەوی دیکەیان نابەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پارچە گەورەیەی کوردستان کردووە و بەردەوام لە پێناو دەستکەوتی تایبەتی و حیزبی مامەڵەیان بە چارەنووسیەوە کردووە.
بەهۆی لاوازی کورد لەناو عێراق بە گشتی و لە ناوچە دابڕێنراوەکان بە تایبەتی، عەرەبە هاوردەکان ساڵ دوای ساڵ تەنگی زیاتر بە جوتیارە کوردەکان هەڵدەچنن، لە کاتێکدا کورد نوێنەرایەتییەکی گەورە لەناو عێراق و دامەزراوە فیدڕاڵییەکاندا دەکات.
دەیان پەرلەمانتار و وەزیر و فەرماندەی سەربازیی باڵای کورد، لەسەرو هەمووشیانەوە سەرۆکی کۆمار لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی بەناو فیدڕاڵی عێراق بوونیان هەیە، کەچی بە هەموویانەوە نەیانتوانیوە کێشەی ئەو جوتیارە کوردانە چارەسەر بکەن کە لەسەر ئاوخاکی خۆیان دەردەکرێن.
ئەگەر رۆژگارێک کورد بە بێ چەک و پارە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەعریب کرابێت، ئەوا ئێستا لە پاڵ بوونی پێشمەرگە و چەندین هێزی هەواڵگری و پێگە و پۆستی گرنگدا تەعریب دەکرێتەوە.
هەموان بە میدیا و چالاکوان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو پارچە گەورەیەی باشووری کوردستانیان لە بیر کردووە، تەنانەت تاکە رێکخراوێک لەسەریان بە دەنگ نەهاتووە و چالاکییەکی دژ بەو تەعریب کردنە ئەنجام نەداوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *