٧ڕۆژ – تایبەت
لە ماوەی کەمتر لە دوو رۆژدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوو مووچەیان بەسەر یەکەوە وەرگرت کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا رووداوی هاوشێوەیان بەخۆیانەوە نەبینیوە.
لەگەڵ گەیشتنی پارەکەی بەغدا، هەموو هێزە سیاسییەکان بە بچووک و گەورەوە، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، پۆپۆلیست و دوکانی سیاسی، هەموان گۆشەیەکیان دۆزیوەتەوە و خۆیان بە خاوەنی ئەو دوو مووچەیە دەزانن.
هەر کامێکیان بگری میدیاکانی خۆی تاو داوە کەسی یەکەمی حیزب و هێزە سیاسییەکەی کردووەتە پاڵەوانی هێنانی ئەو دوو مووچەیە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ٧رۆژ ئەنجامیداون، رەوانەکردنی دوو مووچەکەی بەغدا و ئەو مووچانەی دیکەش بڕیار وایە رەوانەی هەرێم بکرێن بە فشاری دەرەکی بووە و عێراق ناچارکراوە پێوەی پابەند بێت.
رۆژی رابردوو ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئەوەی نەشاردەوە کە بەردەوام هانی عێراق دەدەن کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەشێوازێکی ئەرێنی بەرەو پێشەوە ببات.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای زنجیرەیەک سەردانی ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا دێت کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەرپرسانی عێراق کۆبوویەوە.
سەردانەکان سێ ئامانجی سەرەکییان هەبووە، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، پشکی هەرێم لە بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار کە قسەی بۆ ٧رۆژ کردووە، ئەمریکا فشاری جددی لە سودانی و کابینەکەی کردووە کە نابێت فشارە داراییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام بن .. بۆیە لە ژێر رۆشنایی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەکرێت.
جیا لەوە ئەمریکییەکان پەیامی ئەوەیان بە سودانی داوە کە پێویستە پێش سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دۆسیەی مووچە و نەوتی هەرێم چارەسەر بکات.
هەر بۆیە وەک عەسایەکی سحری و لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا بڕیاری ناردنی پارە درا و مەرجە جۆراوجۆر و بیانووە بەردەوامەکانی تەیف سامی وەزیری دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ کۆتاییان پێ هات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەریەکەیان لە گۆشەیەکەوە خۆی کردووەتەوە خاوەن ئەو دوو مووچەیەو وەک دەستکەوت بە مووچەخۆرانی چەوساوەی هەرێمی دەفرۆشێتەوە.
مووچەخۆرانی هەرێم لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئەوەندە بێ مووچەیی و لەتە مووچەو دواکەوتنی مووچەیان بینیوە، دابەشکردنی دوو مووچە لە هەفتەیەک وەک خەون لێی دەڕوانن.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *