٧ڕۆژ – تایبەت
نزیکەی پەنجاو دوو رۆژ بەسەر دوایین لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێپەڕ دەبێت کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە راگەیەندراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە دوو هەفتەیە عێراق پارەی رەوانەکردووە و حکوومەتی هەرێمیش دابەشی ناکات.
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی بەدەست ململانێی هەولێر و بەغدا لەلایەک و ململانێی پارتی و یەکێتی لەلایەکی تر شەکەت و ماندوو بوون.
هەرچەندە ژمارەیەک بڕیاری تایبەت لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە لەبارەی مووچەوە دراون بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆچارەسەرکردنی کێشەی مووچە دیار نیە.
پارتی و یەکێتی یان دروستتر، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە رێگەی وتەبێژە هەورامییەکانیانەوە کەتوونەتە بەیاننامە دەرکردن و هەریەکەیان ئەوی دیکە بە هۆکاری کێشەی مووچە دەزانێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەت، کە تیمی یەکێتی دانی پێدا نانێن بە دەستەواژەی زۆر توند، هێرش دەکاتە سەر یەکێتی و بە خۆفرۆش وەسفی دەکات.
لەبەرانبەریشدا سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی وەڵامی توندی دەداتەوەو وەک وتەبێژی حکومەت دانی پێدانانێن
ئەمە چیرۆکی رۆژانەی خەڵکی کوردستانە بە دەست دوو هێزی چەک بەدەستی کوردییەوە کە تا بیناقاقەیان لە فەساد و گەندەڵیدا نوقم بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ بڵاویکردوونەتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی شوبات رەوانەکراوە کە بە داهاتی ناوخۆ نزیک بە ترلیۆنێک دینار دەکات لە کاتێکدا پێویستی حکوومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچە ٩١٤ ملیار دینارە.
جیا لەوە حکوومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ی دابەش نەکردووە، هەروەها لە سێ مانگی ٢٠٢٤یشدا تەنیا یەک مووچە دراوە.
بە لێکدانەوەی ژمارەکانی خودی حکوومەتی هەرێم بۆ شەش مانگی رابردوو، داهاتی ناوخۆی هەرێم لە نێوان دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار بۆ دوو ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دیناردایە.
چونکە پێشتر چەندین جار وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەکردووە داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم ٤٠٠ ملیار دینارە.
ئێستا نەک داهاتی ناوخۆ دیار نیە بەڵکو ئەو پارەیەش کە بەغدا بۆ مووچەی مانگی شوبات رەوانەی کردووە لە نێوان راگەیەندراوەکانی دوو وتەبێژە هەورامییەکە ماوەتەوە و دابەش ناکرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *