دکتۆر هێمن مەحمود دەڵێت، ژەهراویبوون بە ڤیتامین D ، حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام جددیە کاتێک ڕوودەدات، کە بڕێکی زۆر ڤیتامین D لە جەستەتدا هەبێت، دەشڵێت، ژەهراویبوونی ڤیتامین D بەزۆری بەهۆی ژەمە زۆرەکانی تەواوکەری ڤیتامین D دروست دەبێت نەک بەهۆی خۆراک یان بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر.
دکتۆر هێمن مەحمود، پسپۆڕى نەخۆشیەکانى جومگە و ئێسک و ڕۆماتیزم لە نووسینێکدا ئاماژە بە ژەهراوی بوون بە ڤیتامین D دەکات و دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەییە:-
ژەهراوی بوون بە ڤیتامین D چیە؟
ژەهراویبوون بە ڤیتامین D ، حاڵەتێکی دەگمەنە، بەڵام جددیە کاتێک ڕوودەدات، کە بڕێکی زۆر ڤیتامین D لە جەستەتدا هەبێت.
بەهۆی چیەوە ڕوودەدات؟
ژەهراویبوونی ڤیتامین D بەزۆری بەهۆی ژەمە زۆرەکانی تەواوکەری ڤیتامین D دروست دەبێت نەک بەهۆی خۆراک یان بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر.
نیشانەکانی چین؟
دەرئەنجامی سەرەکی ژەهراویبوونی ڤیتامین D بریتیە لە کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆری کالیسیۆم لە خوێندا، کە دەبێتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە و لاوازی و زۆر میزکردن. هەروەها ژەهراویبوونی ڤیتامین D لەوانەیە ببێتە هۆی ئازاری ئێسک و درووستبوونی بەردی گورچیلە.
ئەی چارەسەری چیە؟
چارەسەری بریتییە لە وەستاندنی وەرگرتنی ڤیتامین D و سنووردارکردنی ئەو خۆراکانەی کالسیۆمی زۆر تێدایە وەکو شیر و ماست و پەنیر. هەروەها لەوانەیە لە هەندێ حاڵەتدا پێویستکا بە موغەزی و هەندێ دەرمانی وەکو دەرمانە ستیرۆدیەکان.
بۆیە پێویستە پشکنینی ڕێژەی ڤیتامین D لە خوێندا ئەنجامبدەی پێش بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکی ڤیتامینى D هەروەها لە ژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگەدا بەکاری بێنی.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *