نیوەڕۆی رۆژی سی شەممە بە بەشداری سەدان کەس لە لایەنگرانی عەلی حەمە ساڵح، کۆنگرەی گروپەکەی وەک میکانزمێک بۆ تۆماری لیستی هەڵبژاردن لە سلێمانی بەڕێوەچوو. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، لە کۆنگرەکەدا بڕیاربوو کۆمەڵێک کەسایەتیش بەشدار بن، بەڵام بەهۆی گۆڕینی ئەجێندای کۆنگرەکە لەلایەن عەلی حەمە ساڵحەوە، کە پێشتر بە ڕێککەوتن لەنێوانیاندا ئامادەکرابوو، عەلی و گروپەکەی (غالب محەمەد، ڕێبوار کەریم مەحمود، سەردار قادر و چەند کەسێکی تر) لە کۆنگرەدا بە تەنها مانەوە.
ئەوانەی کۆنگرەکەیان بەجێهێشت کێ بوون؟
پێشتر ماوەی ساڵێک بوو جموجوڵێکی سیاسی لەنێوان (دەزگای ستاندەر)، (یوسف محەمەد و هاوڕێکانی)، (عەلی حەمە ساڵح و هاوڕێیانی) و چەند ناڕازییەکی تر، بە مەبەستی درووستکردنی بەرە – حیزبێکی سیاسی هەبوو، دواجار لە سەرەتای ئەمساڵدا جموجوڵەکان گەیشتنە ئەنجام و بڕیاریاندا هێزێکی سیاسی لەژێر ناونیشانی «ڕەوت» درووست بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی خواستی گروپی (یوسف محەمەد) بۆ سەرکردایەتیکردنی ڕەوتەکە و وەرگرتنی هەرەمی دەستەڵاتی ئەو ڕەوتە لەلایەن ناوبراوەوە، ناکۆکی کەوتە نێوان هەر یەک لەو گروپە جیاوازانە، بە ئەندازەیەک لە سەرەتای مانگی ئازاردا، گروپی یوسف محەمەد بڕیاریندا بە تەواوی بکشێنەوە و تەنها چاودێری بکەن، لە بەرامبەردا گروپی عەلی حەمە ساڵح و ستاندەر و چەند ناڕازییەکی تر و بەشێک لە هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح، درێژەیان بە کارکردن لە ڕەوتەکەدا.
دوای کشانەوەی گروپی یوسف محەمەد، دەزگای ستاندەر گومانیان بۆ درووست بوو، بۆیە لە چەند کۆبوونەوەیەکدا ئەوەیان بە ڕاشکاوانە بە عەلی حەمە ساڵح وتبوو، بەڵام عەلی هەوڵی ئەوەی دەدا ئەم بابەتە نەبێتە بابەتی گفتوگۆی نێوانیان، ئەمەش وایکرد ستاندەر بوو ببێتە دوو بەرە، بەرەیەکیان کە (ڕەعد ڕەفعەت) پشتیوانی دەکرد، پێداگرییان لەسەر کارکردن لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح و پێکهێنانی لیستی هاوبەش دەکردەوە، بەرەکەی تریش کە (مەسعود عەبدولخالق) پشتیوانی دەکرد، لەگەڵ کشانەوە دەزگای ستاندەر بوون لە بەرەکەدا.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستن، یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوە بوو، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، لەلایەن چەند کەسایەتییەکی ناڕازی و بێلایەنەوە (ناوەکانیان پارێزراوە)، هەوڵدرا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەرتاسەری نێوان هێز و لایەنە ناڕازییەکان، لە هەوڵەکەدا چەند لایەنێک ڕازی بوون، بەڵام بەهۆی بڕیاری تاکڕەوی عەلی حەمە ساڵح ڕەوتەکەی دژی وەستانەوە و شکستیان پێهێنا.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستمانە، بۆ ئەو هەوڵە عەلی و ستاندەر کەوتنە ناکۆکی، بە شێوازێک بەشێک لە ستاندەر کە مەسعود عەبدولخالق پشتیوانی دەکرد لەگەڵ ئەوە دابوون بچنە ناو هاوپەیمانییەتییەکەوە، بەڵام عەلی و بەشەکەی تری ستاندەر دژی ئەوە بوون.
دوای ئەوەی عەلی حەمە ساڵح بە تەواوی لەگەڵ ستاندەر کەوتە ناکۆکییەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا تاک لایەنانە چەند ناوێکی لە ڕێگەی غالب محەمەدەوە خستە بەردەم کۆمسیۆن بۆ ئەوەی وەک ئەندامانی دامەزرێنەری ڕەوتەکە تۆماریان بکات، بە جۆرێک تەنها یەک کەس کە لە ستاندەرەوە نزیک بوو کرایە ئەندامی دامەزرێنەران (سەلیم کۆیی)، ئەوەش بە تەواوی ناکۆکی نێوان عەلی و ستاندەری توندتر کردەوە، کە ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی عەلی حەمە ساڵح بە نهێنی لەگەڵ ئەندامانی دامەزرێنەر کۆببێتەوە و ئەجێندای کۆنگرەکە بەبێ ڕاوێژکردن بە ستاندەر بگۆڕن.
دواجار ئەمڕۆ لە کەشێکی پلانڕێژیدا عەلی حەمە ساڵح و هاوڕێکانی کارنامەی کۆنگرەکەیان گۆڕی و بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بنەمایانە کۆنگرەکە بەڕێوەچوو، کە پێشتر لەگەڵ دەزگای ستاندەر ئامادەیان کردبوو، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی دەزگای ستاندەر هاتبوونە ناو هۆڵی کۆنگرە، بەڵام بەهۆی گۆڕینی تەواوی کارنامەی کۆنگرەکە، ستاندەر کشایەوە و بایکۆتی کرد.
گۆڕینی کارنامەی کۆنگرەکە چۆن بوو؟
١-کۆنگرە دەبوایە ئەنجومەنێک بۆ سەرکردایەتی ڕەوتەکە هەڵبژێرێت، بە مەرجێک ئەندامانی دامەزرێنری تێدا نەبێت، کەچی پێچەوانە بوو.
٢-دەبوایە پەیڕەوێک دەنگی لەسەر بدرێت کە پێشتر بە هاوبەشی لەگەڵ ستاندەر ئامادەکرابوو، بەڵام پەیڕەوێکی ئامادە پێشنیارکرا و دەنگی لەسەردرا، کە ستاندەر لە ئامادەکردنیدا ئاگادار نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکی تایبەت، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان هاوڕێیانی عەلی حەمە ساڵح پێش کۆنگرەکە، ناوبراو وتویەتی پێویستە ستاندەر لە خۆمان دوورخەینەوە و ئەوان بە کەڵک کارەکەی ئێمە نایەن، بۆ ئەمەش هەموو هاوڕێکانی بەوە ڕازی بوون.
ئێستا ڕەوتەکەی عەلی حەمە ساڵح بەبێ ستاندەر و گروپی یوسف محەمەد، خەریکی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەن و هەریەک لە ستاندەر و یوسف محەمەد، بە تەواوی شۆک بوون و هیچ هەڵوێستێکیان دەرنەبڕیووە.
بروا ستار نوسیویەتی..
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *