٧ڕۆژ – تایبەت
ئەگەر پارتی و یەکێتی هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو کێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دروست نەکەن بڕیار وایە لە ١٠ی مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچیت و لەشکرێک کاندیدی جۆراوجۆریشی بۆ ئامادەکراوە.
لە دوو خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن و بەهێزبوونی گوتاری موزایەدە کردن، دەیان گۆرانی بێژ و کوڕ و کچە بێژەر و پەیامنێر و مەلا.. خزێنرانە ناو هۆڵی پەرلەمان و بوونە هۆکاری لاوازتربوونی ئەدای ئەو دامەزراوەیە.
هەرچەندە هێشتا ناوی کاندیدەکان بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام لێرە و لەوێ دەنگۆی کاندیدبوونی دەیان کەسایەتی ناو تکیتۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە بڵاوبووەتەوە کە بەنیازن خۆیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان کاندید بکەن.
لاوازی مەرجەکانی کاندیدێتی و کراوەیی لیستەکان وایکردووە زۆرینەی ئەوانەی دەبنە پەرلەمانتار لەسەر بنەمای ناوبانگیان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەبژێردڕێن.
بە پێی ئەزموونی دوو خولی رابردووی پەرلەمان، مەلا و بەندبێژ و بێژەرەکان زۆرترین دەنگەکانیان کۆ کردووەتەوە لە کاتێکدا تایبەتمەندییان لەگەڵ کاری پەرلەمانییدا.. ئاسمان و رێسمان بووە.
سروشتی کاری پەرلەمانیی زیاتر خۆی لە ناو لیژنەکانی پەرلەمان دەبێنیتەوە، کە وا دەخوازێت لیستە بەشدارەکان لەسەر ئەو بنەمایە کاندیدەکان هەڵبژێرن بەڵام ئەوەی کە ناکرێتە پێوەر.. تایبەتمەندبوونە بۆ کاری ئەو لیژنانە.
بۆ نمونە لیژنەی یاسایی، لیژنەی دارایی و ئابووری، لیژنەی دەستپاکی لەو لیژنە هەمیشەییانەی ناو پەرلەمانن کە پێویستە ئەندامەکانیان لە خەڵکی شارەزا و تایبەتمەندی ئەو بوارە پێکهاتبن، کەچی لیستە بەشدار بووەکان چاویان لە تیکتۆکچی و پەیامنێر و کچەمۆدێلە، کاندیدی بکەن.
ئەمە جیا لەوەی بەهۆی کراوەیی لیستەکانی هەڵبژاردن کەسانی دیار و دەستڕۆیشتووی ناو هێزە سیاسییەکان ناچنە ناو پەرلەمانەوە ئەوەش لە ترسی دەنگ نەهێنان بۆیە بەردەوام پەرلەمان لاواز بووە.
ئێستاش مەترسی ئەوە هەیە ئەم خولەی پەرلەمان هاوشێوەی دوو خولی رابردوو زۆر لاوازتر و بێ دەسەڵات بەرانبەر بە حکوومەت و دامەزراوەکانی دیکە بێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *