زۆربەی چارەخوازە ئازیزەکانم، ئەوانەی کە نەخۆشی شەقیقەیان ھەیە، کە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دێت توشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبن لەوەی کەسەرئێشەکەیان لەوانەیە زیاد بکات یاخود بگەڕێتەوە، لەڕوی زانستییەوە زۆر ڕاستە کە لەکاتی ڕۆژوبوندا ئازاری نەخۆشی شەقیقە و ئازاری لایەکی سەر زیاد دەکات.
توێژینەوەکان سەلماندویانە ئەوانەی بۆ زیاتر لە (14) کاتژمێر بە ڕۆژو دەبن، ئەگەری توشبونیان بەئازاری لایەکی سەر زیاترە لەوانەی ماوەی ڕۆژوبونەکەیان کەمترە.
ھۆکاری زیادبونی سەر ئێشەی شەقیقە لە ڕەمەزاندا دەگەڕێتەوە بۆ:
1. وشکبونەوەی لەش بەھۆی کەمخواردنەوەی ئاو.
2. بەرزبونەوەی فشاری خوێن.
3. کەمخەوی و تێکچونی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا.
4. دابەزینی ڕێژەی شەکر لە لەشدا.
5. گۆڕانکاری لە کاتی خواردنی چارەسەرەکاندا.
چ کاتێک نەخۆشێکی شەقیقە دەتوانێت بە ڕۆژو بێت؟
– لەکاتێکدا کە نۆبەی سەرئێشەکە کۆنتڕۆڵکراوەو بە ڕێژەیەکی کەم دێت لە مانگێکدا، کە تەنیا سێ چوار جار نەخۆشەکە توشی دەبێت.
– سەرئێشەی شەقیقەکە تەنیا لەھەندێک حاڵەتی دەگمەندا دەردەکەوێت و ئەویش بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
چ کاتێک ناتوانێت بە ڕۆژو بێت؟
– ئەو کەسانەی لە دەجار زیاتر لە مانگێکدا توشی سەرئێشە دەبن و بەشێوەیەکی ناڕێک توشدەبن.
– ئەو کەسانەی سەر ئێشەی ھێشویی (cluster headache) کە پێی دەوترێت سەر ئێشەی عنقودیان لەگەڵدایە.
چ کاتێک دەبێت ڕۆژوەکە بوەستێنرێت؟
– زیادکردنی نەوبەی سەرئێشەکە و جاری توشبونی لەگەڵ نەمانی توانای کۆنتڕۆڵکردنی.
– ئەگەر سەرئێشەکە نیشانەی تری لەگەڵدا بو، وەک سکچون و تا و ڕشانەوە، ئەوکات پێویستە ڕای پزیشکەکەت وەربگریت و ڕۆژوەکەت بوەستێنی.
چەند ئامۆژگارییەک بۆ کاتی بەربانگ:
1. ڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆ لەنێوان (8-12) پەرداخ ئاو بە لایەنی کەمەوە.
2. دوربکەوە لەو خواردنانەی کەلەوانەیە سەرئێشەکە دروست بکەن، وەکو: ئایسکریم، پەنیر و ساردەمەنیەکان.
3. ڕێکخستنی کاتی ژەمەکان و ڕێکخستنی کاتی خەو لە ڕەمەزاندا.
4. کەمکردنەوەی بەکارھێنانی بەھارات، خوێ، تەوابل و بۆنخۆشکەرەکان بۆ ناوخۆراک.
5. کەمکردنەوەی شیرینیەکان و ئیشی ھەویر، خواردنە چەورەکان کەڕێژەی چەورییان بەرزە.
6. ئەو خواردن و خواردنەوانە کەمبکەرەوە کە ڕێژەیەکی زۆر کافاینیان تیادایە، وەکو خواردنەوە گازییەکان، نەستەلە، چا و قاوە.
7. مەچۆرە بەر خۆر و وەرزش مەکە لە کاتی ڕۆژدا.
8. دوربکەوە لە جگەرە کێشان و نێرگەلە لەکاتی دوای بەربانگدا.
9. دەتوانیت ڕۆژانە بەشێوەیەکی ڕێک وەرزش بکەیت لە دوای بەربانگ.
چەند ئامۆژگارییەک بۆ کاتی پارشێو:
1. بەڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆرەوە.
2. تا دەتوانیت ژەمی پارشێو دوابخە بۆ نزیک کاتی بانگی بەیانی.
3. ئەو چارەسەرانەی بۆت نوسراوە لە کاتی بەربانگدا بیخۆ، پێش دەستکردن بە ڕۆژوگرتن.
4. دوربکەوەرەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.
5. دوربکەوەرەوە لەھەر خواردنێک کە دەزانیت لەوانەیە سەرئێشەکەت زیادبکات وەکو؛ پەنیر، مۆز و شوکوڵاتە.
6. دوربکەوە لە فاست فود و خواردنە ئامادەکراو سورکراوەکان.
7. ئەو خواردنانە بخۆ کە کاربۆھیدراتە ئاڵۆزەکانی تیادایە و ھەستی تێربون دەبەخشن وەکو؛ دانەوێڵە تەواوەکانی وەکو؛ ئاردی بۆر، برنجی بۆر، ھەندێک سەوزەی وەکو؛ پەتاتە، بەزالیای سەوز، بروکلی، سپێناغ، پیاز، سیر، لەھەندێک میوەی وەکو: تو، کیوی و ھەناریشدا ھەیە.
8. ئەو خواردنانە بخۆ کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆم و مەگنیسێۆم و ڤیتامین (B) یان تیادایە وەکو: خورما، چەرەزاتەکان و بەتایبەت ناوکە کولەکە و شۆفان.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *