جۆینی تیلیگرام بن

ئێسکی زیاده‌ی پاژنه‌ی پێ چییە و چۆن چارەسەر دەكرێت؟

ئێسکی زیاده‌ی پاژنه‌ی پێ چییە و چۆن چارەسەر دەكرێت؟

ئێسکی زیاده‌ی پاژنه‌ی پێ یان بزماری پاژنه‌ی پێ، بریتییه‌ له‌ کۆبۆنه‌وه‌ی مادده‌ی کالسیۆم (ته‌که‌لوسات) له‌ ژێر پاژنه‌ی پێدا و لەگەڵیدا هەوکردنی ڕاخەری بنی پێ، کە له‌ ئه‌نجامدا ئێسکێک دروستده‌کات و درێژیه‌که‌ی هەندێکجار ده‌گاته‌ زیاتر له‌ یه‌ک سانتیمه‌تر و سه‌ری ئێسقانه‌که‌ ڕه‌نگه‌ تیژ بێت یان ته‌خت بێت.

دكتۆر هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد، پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج نیشانە و چارەسەری ئەم گرفتەی خستوەتەڕو.

نیشانه‌کانی:

1. ئازارێکی کتوپڕی زۆر له‌ پێدا، وه‌ک ئه‌وه‌ی بزمار یان چه‌قۆیه‌کی تیژی بچێت پیایدا، به‌ تایبه‌تی لە کاتی به‌یانیاندا کەلەجێگا هه‌ڵده‌سه‌تیتە سه‌ر پێ.

2. ئازارێکی مام ناوه‌ند له‌ بنی پێدا به‌ درێژایی ڕۆذ.

3. ئاوسان و سوربونه‌وه‌ و هه‌وکردنی په‌نجه‌کان و به‌شی پێشه‌وه‌ی پێ.

4. هه‌ست کردن به‌ گه‌رم بون و سوتانه‌وه‌ له‌ پاژنه‌ی پێدا.

5. زۆر به‌ زه‌حمه‌ت نه‌خۆش ده‌توانێت به‌ پێی په‌تی بڕوات.

6. هه‌ست کردنی به‌ بونی ئێسکێکی ڕه‌ق له‌ پاژنه‌ی پێدا.

7. هه‌ندێ جار هیچ نیشانه‌یه‌کی نیيه‌ و نه‌خۆش هه‌ستی پێ ناکات.

هۆکاره‌کانی دروستبونی:

1. برینداربونی ماسولکه‌ و به‌سته‌ر و شانه‌ نه‌رمه‌کانی ده‌وری قوله‌ پێ.

2. دڕان و بریندار بونی په‌رده‌ی ده‌وری ئێسقانی قوله‌ پێ.

3. هۆکاری ته‌مه‌ن: تا ته‌مه‌ن زیاتر بێت پاژنه‌ی پێ توانای به‌رگری زه‌بر و هه‌وکردن و هه‌ڵمژینی فشاری که‌متر ده‌بێته‌وه‌.

4. کۆبۆنه‌وه‌ی مادده‌ی کالسیۆم (ته‌که‌لوسات) له‌ پاژنه‌ی پێ به‌ تێپه‌ڕ بونی کات.

چ کاتێک ئه‌گه‌ری توشبون زیاد ده‌کات؟

1. هه‌ندێ وه‌رزش به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر بکرێت وه‌ک بازدان، ڕاکردن، په‌ت په‌تێن، تۆپێ پێ، باسکه‌.

2. ڕه‌گه‌ز: خانمان زیاتر توش ده‌بن.

3. قه‌ڵه‌وی و کێشی زۆر.

4. به‌ پێوه‌ وه‌ستانی زۆر، هه‌روه‌ها ڕویشتن یان به‌ پێوه‌ وه‌ستان له‌ سه‌ر زه‌وی ڕه‌ق و زبر و شاخ و داخدا.

5. له‌ پێ کردنی نه‌علی ئیسفنج.

6. هه‌ندێ نه‌خۆشی: وه‌ک کۆنیشانه‌ی ڕایته‌ر، هه‌وکردنی به‌سته‌ری قوله‌ پێ.

شێوازی چاره‌سه‌رکردنی:

ده‌ست نیشانکردنی بەپێی نیشانەکان و هەروەها بە ئامێری سۆنەر دەتوانرێت هەوکردن و ئاوسانی ڕاخەری بنی پێ ببینرێت و هەروەها بونی کلس و برینداری لە ڕاخەری بنی پێدا، باشترین ڕێگا بۆ دەستنیشانکرن له‌ ڕێگای گرتنی X RAY واتە تیشکی سینی ده‌بێت، و به‌م ڕێگانه‌ چاره‌ سەرده‌کرێت:

1. پشوی ته‌واو بۆ ماوه‌یه‌ک و ڕێگریکردن له‌ زه‌بر به‌رکه‌وتن به‌ بنی پێ.

2. به‌کارهێنانی پاکی سارد و سه‌هۆڵ بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ئازار و هه‌وکردنی پاژنه‌ی پێ، بەکارهێنانی ده‌رمانی ئازار شکێن و دژەهەوکردنە ناستیرۆیدەکان.

3. له‌ پێکردنی پێڵاوی تایبه‌ت و تەندروست، یاخود دانانی پاژنەی تایبەت بۆ ناو پێڵاوەکە.

4. لێدانی ده‌رزی لە ژێر ئامێری سۆنەردا، کە دەتوانرێت دەرزی ستیرۆید بەکاربهێنرێت یاخود پلازمای چڕ بە خەپلەکانی خوێن یاخود پرۆلۆتێراپی.

5. فیزێۆتێراپی و چارەسەری سروشتی و وه‌رزشی تایبه‌ت بۆ به‌هێزکردنی ماسولکه‌کانی پێ.

6. چاره‌سه‌رکردنی هۆکاره‌کانی دروستبونی ئێسکی زیاده‌ی پاژنه‌ی پێ ئه‌گه‌ر بکرێت.

7. شکاندنی ئێسکەکە لەڕێگای ئامێری شۆک وەیڤ (ECSW) کەپێویستی بە چەند جەلسەیەک ھەیە لەوانەیە (5-9) جەلسەی پێویست بێت.

8. نه‌شته‌رگه‌ری: دوا ڕێگایە و له‌ ژماره‌یه‌کی که‌می نه‌خۆشه‌کان دا پێویست ده‌کات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو