دکتۆر دلێر غازی دەڵێت، کاتێک دڵ لاواز دەبێت دەست دەکات بە گەورەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە زیاتر کار بکات بۆ ئەوەی خوێن بۆ بەشەکانی تری جەستە پەمپ بکات، دەشڵێت، گەورەبوونى دڵ چەندین نیشانەى هەیە لەوانەش لە خەو هەڵسان بە تەنگەنە فەسی و ئاوسانی سک یان قاچەکان.
دکتۆر دلێر غازی، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی دڵ و سنگ و بۆرییەکانی خوێن لە نوسینێکدا ئاماژە بە گەورەبونى دڵ و نیشانەکانى دەکات و دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە:-
گەورەبوونی دڵ چیە؟
کاتێک دڵ لاواز دەبێت دەست دەکات بە گەورەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە زیاتر کار بکات بۆ ئەوەی خوێن بۆ بەشەکانی تری جەستە پەمپ بکات.
هۆکارى گەورەبوونى دڵ چیە؟
گەورەبوونی دڵ لەوانەیە بەهۆی تێکچوونی دڵ و هەندێک جۆری نەخۆشی دڵەوە بێت هەندێک جار فشاری کورتخایەن وەک دووگیانی دەبێتە هۆی گەورەبوونی دڵ لەوانەیە کاتی بێت یان هەمیشەییی، بەپێی حاڵەتەکە.
چارەسەرى گەورەبونى دڵ چیە؟
چارەسەری گەورەبوونیی دڵ بریتییە لە بەکارهێنانى دەرمان، ڕێکاری پزیشکی، یان نەشتەرگەری.
نیشانەکانی فراوانبوونی دڵ چین؟
لە هەندێک کەسدا گەورەبوونی دڵ هیچ نیشانەیەکی لێناکەوێتەوە. لە کاتێکدا ڕەنگە کەسانی تر نیشانەکانیی گەورەبوونیی دڵ و ئەم نیشانانەی خوارەوەى تێدا دەربکەوێت :-
یەکەم- هەناسە تەنگی بە تایبەت لەکاتی پاڵکەوتن لەسەر پشت
دووەم- لە خەو هەڵسان بە تەنگەنەفەسی
سێیەم- ناڕێکی لێدانی دڵ
چوارەم- ئاوسانی سک یان قاچەکان
ئایا هۆکارێکى دیکە هەیە بۆ گەورەبوونى دڵ؟
گەورەبوونی دڵ هەندێ جار بەهۆی تێکچوونیی ماسولکەکانیی دڵەوەیە یان حاڵەتێک کە دەبێتە هۆی ئەوەی دڵ توندتر خوێن پەمپ بکات، هەندێک جار دڵ گەورە دەبێت و لاواز دەبێت بە هۆکاری نادیار.
ئەو حاڵەتانەی پەیوەستن بە گەورەبوونی دڵ بریتین لەمانەى خوارەوە:-
یەکەم- نەخۆشی دڵ لە کاتی لەدایکبووندا (زگماکی دڵ)
دووەم- جەڵتەی دڵ
سێیەم- نەخۆشی ماسولکەکانی دڵ
چوارەم- کۆبوونەوەی شلە لە پەردەی دەوروبەری دڵ
پێنجەم- نەخۆشی زمانەی دڵ
شەشەم- بەرزی فشاری خوێن
حەوتەم- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لە خوێنبەرەکانی سییەکان (بەرزی فشاری خوێنی سییەکان)
هەشتەم- کەمی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (کەمخوێنی)
نۆیەم- تێکچوونی غودەی دەرەقی
دەیەم- زۆر بوونی ئاسن لە جەستەدا
یانزەیەم- نیشتنی نائاسایی پڕۆتین لە دڵدا
دوانزەیەم- کەڵەکەبوونی چەوری لە پەردەی دەوروبەری دڵدا
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *