٧ ڕۆژ – تایبەت
رۆژ نیە درۆنێکی میلیشیا شیعەکان ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی نەکرێت ئەوەش هەرێمی کوردستانی
خستووەتە حاڵەتی جەنگێکی رانەگەیەندراوەوە دیار نیە ئەنجامەکەی بە کوێ دەگات؟
بەپێی ئامارێک لهماوهی دوو مانگدا میلشیا شیعیەكان (24) هێرشیان بە(40) فرۆكەی بێفرۆكەوان بۆ سەر هەولێر ئەنجامداوە ئەوەش بە پاساوی بەرگری کردن لە دانیشتوانی غەززەی فەلەستین کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان دەکرێن.
بە بڕوای شارەزایان هەرێمی کوردستان دیارترین ئەو ناوچانەیە کە دەبێتە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێ سەربازییەکانی ئەمریکا و ئێران ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێم ئارامترین ناوچەی عێراقە بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
تەنیا ئێران و گرووپە وەلائییەکانی نین کە بە درۆن هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج بەڵکو تورکیاش بەردەوام ناوچە جیاوازەکان بە بیانووی گەریلاکانی پەکەکە بۆردوومان دەکات.
کۆتایی ساڵی رابردوو لە فڕۆکەخانەی عەربەت بەبیانووی بوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات هێزەکانی دژەتیرۆری کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ ئەندامی ئەو هێزانە کوژران و سیانی دیکەش بریندار بوون.
تیمی کوردستانی عێراقی (CPT)ی ئەمریکی ئامارێکی لەبارەى ژمارەى قوربانییە مەدەنییەکانى هێرشەکانى تورکیاى بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2023 بڵاوکردووەتەوە.
بە گوێرەى ئامارەکە، لە ساڵی رابردوودا و بەهۆى هێرشەکانى تورکیا 24 هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانى و گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسى دیکەش برینداربوون و زۆرینەى قوربانییەکانیش لە هەردوو پارێزگاى دهۆک و سلێمانى بوون.
سوپاى تورکیا بە کۆى گشتى لە ساڵی رابردوو هەزار و 640 هێرشی ئاسمانی بۆ سەرجەم ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بە ناوچە کێشەلەسەرەکانیشەوە ئەنجامداوە.
بەردەوامی ئەم هێرشانە وای کردووە ئەمریکا بیر لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ پێشمەرگە بکاتەوە.
بەپێی یاسای بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بڕگەیەکدا پارەی پێویست بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین کراوە، بەڵام دیار نیە کەی دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *