٧ڕۆژ – تایبەت
کێ بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ!
ساڵی ٢٠٢٣ بەرە و کۆتایی دەڕوات و هێشتا چوار مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش نەکراون، دیار نیە کەی بەغدا کۆتا ٧٠٠ ملیارەکە ڕەوانە دەکات و چارەنووسی ئەو سێ مووچەیەی کۆتایی ساڵیش بە کوێ دەگات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام داو جارێکی دیکە پرسی سێ مووچەکەی هەرێمی نەخستە بەرباس لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێم بە فەرمی داوای کردووە تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە سێ ٧٠٠ ملیار دیناری دیکەی بۆ ڕەوانە بکرێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ٧ڕۆژ حکوومەتی ناوەندی هیچ نیازێکی نیە تا دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕیار لەبارەی سێ مووچەی کۆتایی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بدات.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، سودانی لیژنەیەکی سەرەتایی بۆ هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەکی یاسای بودجەی عێراق داناوە تا پرسی مووچەی فەرمانبەران لە بابەتی خەرجی فیعلی حکوومەت بێنێتە دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکان پێشبینی ناکرێت کارەکانی لیژنەکە بەمزوانە بگاتە ئەنجام بەوپێیەی عێراق ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات کە دوور نیە شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی هەڵنەگیرسێنێت.
سەرچاوەکە وتی بایکۆتکردنی سەدرییەکان کێشەی گەورە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دروست دەکات بەو پێیەی ئەگەری ئەوەی پشێوی ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە عێراق دەبێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات لە ئەگەری بەڕێوەچوونیدا جارێکی دیکە هەرێم و بەغدا بەو دۆسیەوە سەرقاڵ دەبن و ئەستەمە حکوومەتی ناوەند بیپەرژێتە سەر هەمواری یاساکە.
هەرچی حکوومەتی هەرێمە تەنیا چاوی لە بەغدایە پارەی بۆ رەوانە بکات و بە داهاتی ناوخۆ ناتوانێت مووچە دابەش بکات بەڵام ئاماژەکان بەو ئاڕاستەن کە ئەمساڵ تەنیا دوایین ٧٠٠ ملیار لە بەغداوە دێت.
لە لایەکی دیکەوە هەزاران مامۆستای سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە رۆژانە دێنە سەر شەقامەکان و داوای مووچە و دامەزراندن دەکەن، لە پەنای ئەوەشدا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، کە مەترسی لەسەر فەوتانی دەوامی خوێندنی ئەمساڵ لەو ناوچانە هەیە.
بۆیە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ قەیرانێکی سەخت و نوێی دیکە ئامادە دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *