جۆینی تیلیگرام بن

مەسرور بارزانی هێشتا بە دوای دۆسیەی سەربەخۆیی هەرێمەوەیە؟

مەسرور بارزانی هێشتا بە دوای دۆسیەی سەربەخۆیی هەرێمەوەیە؟

٧ڕۆژ – تایبەت

داوای ڕێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین.

ئەمە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک پێشکەشی کرد.

بارزانی لە وتارەکەیدا باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ئاماژەی بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس کرد و وتی.. 30 ساڵە چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت. .. کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە.

ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠١٧ەوە بەرپرسانی باڵای هەرێم و لە نێوانیاندا دەسەڵاتدارانی ناو بارزانییەکان باس لە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەوپێیەی بەهۆی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە بارزانییەکان رێبەرایەتییان دەکرد هەرێمی کوردستان لەسەدا ٥٣ی خاکەکەی لە دەستدا و دۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسی رووبەڕووی هەرێم کردەوە کە تا ئێستاش لێکەوتەکانی بەردەوامن.

هەرچەندە وتەکانی مەسرور بارزانی لەبارەی دۆزی کورد گشتگیربوون و بە دیاریکراوی هێمای بۆ هەرێمی کوردستان نەکرد بەڵام ناوهێنانی دراوسێکانمان ئاماژەیەکی روون بوو بۆ ئەوەی هێشتا بیرۆکەی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق لە بیر و هزریدا ماوەتەوە.

بە بڕوای شارەزایان ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمەوە ئیدارە درا بە سەر سەختی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پشتیوانی دەکرا.

هەرچەندە مەسرور بارزانی لەوکاتەدا تەنیا پۆستی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بوو بەڵام کاریگەری گەورەی لەسەر بڕیارەکانی ناو حیزبەکەی و ناوەندی دەسەڵاتی هەرێم هەبوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە رووی دەمی لە زلهێزانی جیهان بوو وتی.. چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرامبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟.. وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو پشتگیرییە فراوانەی لە دۆزی فەڵەستینییەکان دەکرێت و بە پێچەوانەوە کوردەکان پشتگوێ خراون.

ئەم وتانە لە کاتێکدان، هەرێمی کوردستان بە دەست دەیان قەیرانی دارایی و سیاسییەوە دەناڵێنێت و ئێستاشی پێوەبێت هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بە ئەستەم لە سەر شوێن و وادەی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی رێک دەکەون تا بگات بەوەی لەسەر دۆسیەیەکی هەستیاری وەک پرسی سەربەخۆیی رێکبکەون.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو