لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، گەڕی حەوتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی دەربەندیخان ڕاگەیەندرا و بڕیاردرا کە فێستیڤاڵەکە لە ٢٧ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت و تا ٧ی مانگی داهاتوو دەرفەتی بەشداربوونی شانۆکاران کراوەیە.
لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، گەڕی حەوتەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی دەربەندیخان ڕاگەیەندرا.
فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی دەربەندیخان، نازناوی نێودەوڵەتی پێ بەخشراوە، چونکە جگە لە شانۆکارانی کوردستان، شانۆکارانی وڵاتانی وەک ئێران، سوید، تونس، میسر، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتالیاش تێیدا بەشدار دەبن.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی ڕایگەیاند: دەبوایە ئەم فێستیڤاڵە هەموو ساڵێک ئەنجام بدرایە، بەڵام بە هۆی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە لە ٢٠١٩وە نەمانتوانیوە ئەنجامی بدەین، بۆ ئەم ساڵ حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقامی دەربەندیخان ئەنجام دەدەین، تا ٧ی مانگی داهاتووش دەرفەتی بەسداربوون کراوەیە بۆ ئەوەی شانۆکاران بتوانن خۆیان ئامادە بکەن.
پاشان سلێمان محەمەد، قائیمقامی شارۆچکەی دەربەندیخان وتی: بڕیارە ٢٧ی مانگی داهاتوو حەوتەمین فێستیڤاڵی شانۆی شەقامی دەربەندیخان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەڕێوەبچێت، وەکو قائیمقامی دەربەندیخان هاوکار و هەماهەنگ دەبین، بۆ ئەوەی لە کەشێکی ئارامدا فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی دەربەندیخان، لە ساڵی ٢٠١٠ یەکەم گەڕی بەڕێوەچوو، بڕیار درا هەموو ساڵێک بەردەوام بێت، هەرچەند دەبوو ئەمساڵ گەڕی ١٣ی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆناوە نەتوانراوە هەموو ساڵێک ئەنجام بدرێت.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *