جۆینی تیلیگرام بن

پەیامێک بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت

پەیامێک بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت

(تکاتان لێ دەکەم شێروان شێروانی ئازاد بکەن)

دارا ئەنوەر زۆراب / کۆمەڵناس

عەقڵمەندێکی وەک شێروان شێروانی ئازاد بکەن، باش دەکەن، کوردستان باشتر دەکەن، ئازادی باش دەکەن، هیچ کوردێکی عەقڵمەند نابێت شوێنی زیندان بێت، با ئازادی لە کوردستان ببێتە خۆر لە ڕۆژدا هەڵبێت، نەک ببێتە ئەو خۆرەی چاوەڕوان بین لەشەودا هەڵبێت و هەرگیز هەڵ نەیات.

ئیتر ئێستا سەردەم و کاتی ئەوە نیە، ڕوح و جەستەی کوردێک بەدەستی کوردێک ئازار بدرێت، بەتاییبەت کوردێک قەڵەم بەدەست بێت، عەقڵمەند بێت، ڕۆشنفکرێک بێت، با ئیتر جیاوازی یەکتر قبوڵکردنی کوردانە بکەینە دەروازەی ژیانێکی مەدەنی و خۆشگوزەران لە کوردستان.

بۆیە بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت وەک تاکێکی کورد کە ئێستا سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستانن، هەڵە مەکەن، ئازادی بکەن، ئازادی دەروازەیە بۆ ژیان، ئازادی مانایە بۆ مرۆڤ بونمان، ئازادی بەردەوامی کورد بونمان و شوناسی کورد بونە.

با لێبگەڕێین، کچ و کوڕەکانمان ڕۆڵەکانی نیشتمان ئازاد بن لە فکر ، لە وتن ، لە نوسین، لە ڕەخنە، لە جیاوازی بیرکردنەوە و جیاوازی ژیان کردن. بەجۆرێک ڕۆڵەکانمان هەڵەیەکیشیان هەبێت لێیان ببورین.

لێبوردن له ڕۆڵەکانی خۆمان گەورەترین شکۆمەندییە.

وەک کورد هیچ سودێکمان دەست ناکەوێت، عەقڵێکی کورد، تاکێکی کورد، قەڵەمێکی کورد، لە زیندان بێت، چی هەیە با بیڵێت، کورد بونمان بەندە بەوەی ژیان ببەخشینە یەکتر، ڕێزداری بدەینە یەکتر، نان و خۆشگوزەرانی ببەخشینە یەکتر، کەرامەت و شکۆمەندی مرۆڤ بوون بدەینە یەکتر.

ئیتر با هەموان هەست بکەین نیشتمانمان هەیە، وەک ڕوحێکی زیندوو، ژیان دەبەخشێتە هەموان. تێ بگەین ئازادی و ژیان و خۆش ژیان مافی هەموومانە.

ئێمە بە بەخشینی ئازادی ژیان دەتوانین کوردبوونمان بپارێزین، نیشتمان ئاوەدان بکەین، هیچ کات و بۆ یەک چرکەش لە بەرژەوەندی کورد و نیشتمان و هەرێمی کوردستاندا نیە، عەقڵێکی کورد، تاکێکی کورد، قەڵەم بەدەستێکی کورد، بە هەموو کەم و کوڕییەکانییەوە لەناو زینداندا بێت، چونکە ئەرکی هەموومان زیندان بکەینە شوێنی خیانەتکارانی خاک و نیشتمان.

بۆیە داواتان لێ دەکەم ئازادی بکەن، با ژیان ئازادبێت، با کوردستان ئازاد بێت، با نغرۆ نەکرێین و وێران نەبین، لە غیابی نەبونی ئازادیدا. با نیشتمان بە فرمێسکەکانی دایکی شێروان بە نەفرەتمان نەکات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

Leave a Comment

Your email address will not be published. Required fields are marked with *

دوایین بڵاوکراوەکان

زۆرترین خوێندراو