ئامانج رەحیم
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران
یەکەم: سەرەتای دوو زۆنی دارایی:
لە ساڵی ٢٠٠٦ کە هەردوو ئیدارەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر یەکیان گرتەوەو کابینەی پێنجەمی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ پێکهات، بەڵام وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری) و (ناوخۆ) و (پێشمەرگە) و (داد) هەر بە دوو ئیدارەیی مانەوە لە کابینەکە.
هەرچەندە لە کابینەی شەشەم و کابینەکانی دواتردا وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابووری هەڵوەشایەوەو بوو بە یەک وەزارەتی دارایی و ئابووری و کاک شێخ باییز تاڵەبانی (یادی پڕ خێر بێ) بوو بە وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام لە واقیعدا لێکەوت و کاریگەریی دوو دارایی بەردەوام بوو، بەتایبەتیش دابەشکاریی بودجە لەسەر بنەمای رێژەی ٤٣% و ٥٧% کە ئەم رێژەکارییەش لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی (نەوت بەرامبەر خۆراک)ی پێش ساڵی ٢٠٠٣، بە جۆرێک تەنانەت لە ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠١٤ کە مانگانە بەشە بودجەی هەرێم بە رێکی لە بەغداوە دەهات، لە لایەن هەرێمەوە هەر بەو دوو رێژەیە بەسەر دوو زۆنی ئیدارەی پێشووی سلێمانی و هەولێر دابەش دەکرا، ئەمە سەرەڕای جیاوازی لە رێنمایی و پرۆسە و رێکارە داراییەکانی کۆکردنەوەی داهات و بڕ و رێژەکان لە هەردوو زۆنەکە.
دووەم: بڕیاری (٢١٩)ی ئەنجوومەنی وەزیران:
ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەم لە کۆبوونەوەی ژمارە (١١٠) لە رۆژی ٢٤/٥/٢٠٢٣ و بە بڕیاری ژمارە (٢١٩) لە هەنگاوێکی گرنگدا بە کۆدەنگی بەڕێزان سەرۆک و جێگر و ئەندامەکانی بڕیاری دا بە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە لێکەوتەکانی دابەشکاریی دوو دارایی، کە لە ٢٠٠٦ ەوە بۆ ١٧ ساڵە کاریگەرییەکانی بەردەوام بوو.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە (١٠) دە بڕگە و (١٠) دە لاپەڕە پێکهاتووە، وردەکاریی و میکانیزمی وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لە خۆگرتووەو لە رۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.
بڕیارەکە دابەش بووە بەسەر بڕگەکانی (بنەما سەرەکییەکان، بۆردی باڵای جێبەجێکردن، داهات، گومرگ، دەروازە سنوورییەکان، باج، رسومات، خەرجی، سیولە، گەنجینەکان، بانکەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان).
سێیەم: یەک سەبەتەی دارایی:
لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، کە بۆ لەمەودوا داهات و خەرجییەکان بە ناوەندیی دەکرێن و رێنمایی و رێکارە داراییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێن و بە یەک رێنمایی و رێکار و پرۆسەی یەکگرتوو لە سەرتاسەری هەرێم داهاتی گشتی کۆدەکرێتەوە. داهاتەکان لە سەرتاسەری هەرێم بەبێ رەچاوکردنی شوێنی جوگرافی سەرچاوەی داهاتەکە، بەبێ هیچ لێبڕین و گلدانەوە و (استقطاع)ێک دەچێتە ناو یەک سەبەتەی دارایی و یەک حسابی بانکی لە وەزارەتی دارایی و هەموو حسابە بانکییە لاوەکییەکانیش، کە سەرچاوەکانی داهاتیان تێدا دادەنرێن، لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەک بن بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی پێکەوە گرێ دەدرێن و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
چوارەم: پێشینە (ئەولەویەت) بە مووچە و پەیڕەوکردنی ژمارەی دانیشتوان لە بودجەی بەکارخستن و پڕۆژەکان
بە گوێرەی بڕیارەکە وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەند کراوە لە رۆژی ٢٤/٥/٢٠٢٣ەوە ئەولەویەت لە خەرجییەکان بۆ مووچە بێت، واتە لەو داهاتەی کە لە سەرتاسەری هەرێمدا کۆدەکرێتەوە، دەبێت یەکەم شت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی لێ بدرێت و مووچەخۆرەکە لە هەر پارێزگا و ئیدارەیەک بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە دوای مووچە بۆ خەرجی بەکارخستن و پڕۆژەکان خەرج دەکرێت، ئەویش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان نەک رێژەکاریی دوو زۆنی.
پێنجەم: یەکخستنەوەی ڕێنماییە داراییەکان و پرۆسە و رێکاریی داهاتەکان و هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی نایاسایی باج و گومرگ:
لە بڕیارەکەدا ئاماژە دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەر لێخۆشبوونێکی نایاسایی لە پێدانی باج و گومرگ و رسومات، هەروەها هەڵسەنگاندنی بەرپرسەکانی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و ئۆفیسەکانی باج و رسومات لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دڵسۆزی.
شەشەم: یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان:
بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگتر و کاریگەرتر بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە دوو دارایی لە هەرێم، هەروەک لەناو هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمیش هاتووە بەرجەستەکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانە لە ناو یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، کە بە هۆی تەواوبوونی ئەرکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەستەمە یاسای بودجەی هەرێم هەبێت، کە لە دوای ٢٠١٣ەوە ئەوە بۆ ١٠ ساڵە یاسای بودجە لە هەرێم نییە، بەهۆی ئەو ئاڵەنگارییە سیاسی و داراییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە.
گرنگی یاسای بودجە لەوەدایە، کە تێیدا هەم داهات و خەرجییەکان بە ناوەندیی دەکرێن و هەم بە شێوازێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە و شایستەبوون لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان داهاتەکان دابەش بکرێن، شێوازی پڕکردنەوەی کورتهێنان دیار دەبێت و تەواوی داهات و خەرجی و قەرز و پابەندییەکانی هەرێم بە ژمارە و داتای پێویست لە خشتەکانی بودجەی هەرێم دەخرێنەڕوو، هەتاوەکو هەم شەفافیەت بەرپابێت لە داهاتەکان و دادپەروەرییش لە دابەشکردنی لە سەرتاسەری هەرێم روون بێت بۆ هەموو لایەک و داهاتەکان بخرێنە یەک سەبەتە و ئەوکات دەسەڵاتەکانی خەرجییش بە پێوەری گونجاو رێکبخرێنەوە، بە ئاراستەی یەک دارایی و یەک ئیدارەیی.
حەوتەم: لە کۆتاییدا عیبرەت لە جێبەجێکردنە:
لە ناو ئەم کەشە ناسەقامگیرە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم. ئەوەش لەبیر نەکەین کە عیبرەت لە جێبەجێکردنە، وەک ئیمامی عومەری کوڕی خەتاب لە وەسیەتی بۆ ئەبوموسای ئەشعەری فەرمویەتی (فإنه لا ينفع تكلُّمٌ بحقٍّ لا نفاذ له)، بڕیارەکان چەند ڕێکوپێک بن لە داڕشتن و دانانی میکانیزم، لە کۆتاییدا گرنگە خەڵک لەسەر ئەرزی واقیع دەرئەنجامەکانی ببینێت.
هەر بەم ئاڕاستەیەش بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە، بۆردێکی تایبەت بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەرۆک وەزیران و جێگرایەتی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران و ئەندامێتی بەڕێزان وەزیرە پەیوەندیدارەکان دروست کراوە، ئەم بۆردە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێدراوە بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکە و لابردنی هەر ئاستەنگێک کە دێتەپێش لەم بارەیەوە. بۆردەکە هەر زوو کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و رێکار و میکانیزمی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دانرا و یەکەم ئەنجامی بڕیارەکەش لە دابەشکردنی مووچەی مانگی (٥)ی ساڵی ٢٠٢٣ رەنگی دایەوە و سەرجەم مووچەخۆران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەیەکەوە لە پێش جەژنی پیرۆزی قوربان مووچەیان پێدرا.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *