عەدالەت عەبدوڵا
كه باس له بایه‌خی فكر بۆ تاك و كۆمه‌ڵ و بۆ پارت و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كانی دنیای ئێمه ده‌كرێت، ژماره‌یه‌كی زۆر له سه‌ركرده و كادرانی هێزه سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت هەندێك له ڕۆشنبیرانیشمان دووچاری به‌دحاڵییبوون ده‌بن.
له فه‌رهه‌نگی ئه‌واندا، باسكردن له فكر یه‌كسان بووه به باسكردن له ئایدیۆلۆژیا و ئه‌و ئه‌زموونه ناشیرینانه‌ی كه ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتاره‌كان پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌رییان كردووه.
له ڕاستیدا، باسکردن لە بایەخی فکر مه‌به‌ستی لێی ستایشكردنی ئایدیۆلۆژیا نییه ئه‌وه‌نده‌ی پرسیاركردنه له چۆنیه‌تی گۆڕینی بۆ دیارده‌یه‌ك كه خۆی له‌و وێنانه پاكبكاته‌وه كه له‌زه‌ینی ئێمه‌دا له‌باره‌ی هه‌قیقه‌تی ئایدیۆلۆژیاوه هه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانین جیاوازیی نێوان فكر و ئایدیۆلۆژیا چییه، ده‌بێ بیرمان بكه‌وێته‌وه كه فكر هه‌میشه له په‌یوه‌ندیدایه له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه مه‌عریفییه‌كاندا، چاوی له‌ده‌ستی ئه‌و هه‌قیقه‌تانه‌یه كه زانسته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌شه‌كی “جزئی” و له‌مێژوویه‌كی دیاریكراودا له‌باره‌ی مرۆڤ و سروشت و گه‌ردوون به‌رهه‌میان دێنن.
فكر، چالاكییه‌كی عه‌قڵیی پرسیاركه‌ریشه، له‌م خه‌سڵه‌ته‌دا له په‌یوه‌ندیدایه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه و قوتابخانه و ئاراسته جیاجیاكانی، چاوی له‌سه‌ر ئه‌و كۆنسێپت و تیۆر و میتۆد و وێناكردنه فه‌لسه‌فییانه‌یه كه نزیككاری “مقاربة” بۆ ڕه‌گی قوڵی دیارده و ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن. له‌م ئاسته‌دا، فكر به‌و چالاكییه دینامیكییه ده‌وترێت كه هه‌رگیز سه‌قامگیری به‌خۆوه نابینێت، له‌سه‌ر هیچ قه‌ناعه‌تێكی هه‌میشه‌یی و دۆگمێكی دیاریكراویش كڕ ناكه‌وێت، به‌ڵكو به‌رده‌وام به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی خۆیه‌تی له فۆڕم و گه‌وهه‌ری تردا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی زیندووێتیی خۆی له‌ناو مێژوودا بپارێزت و واقع نه‌بێته هۆی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی گریمانه و وێناكردنه‌كانی.
هه‌رچی ئایدیۆلۆژیایه، بەسروشتی حاڵ و ئەزموون، وێناكردنێكی لێبڕاوانه و كۆنكرێتییه بۆ چۆنیه‌تی ڕێكخستن و مۆبیلیزه‌كردنی مرۆڤ و ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگا و جیهان، سازدانێكی عه‌قائیدیانه‌ی تاك و كۆمه‌ڵه به‌پێی كۆمه‌ڵێك به‌ها و بیروباوه‌ڕ و پره‌نسیپی سیاسی و فه‌لسه‌فیی دیاریكراو.
فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی “ژان فرانسوا لیوتار” ئه‌م به‌ها و بیروباوه‌ڕ و پره‌نسیپانه له نموونه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیا گه‌ورانه‌دا پێناسه ده‌كات كه به‌درێژایی هه‌ردوو سه‌ده‌ی ڕابردوو (19 و 20)دا به‌سه‌رماندا زاڵ بوون، به‌تایبه‌ت ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیزم و ماركسیزم و لیبرالیزم، یان ناسیۆنالیزم و فاشیزم و نازیزم، ئه‌و ئایدیۆلۆژیایانه‌ی كه لیوتار پێیوایه نه‌یانتوانی به‌خته‌وه‌ری بۆ مرۆڤ بهێنن ئەگەر مەرگەساتی گەورەیان بەرپا نەکردبێت!، بۆیه ناویان ده‌نێت ئه‌فسانه گه‌وره‌كان یان حیكایه‌ته تۆباوییه‌كان Metanarratives.
گومانی تیا نییه پێویستیی فكر بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا، بایه‌خێكی یه‌كجار گه‌وره‌یه. شكستی ئه‌زموونی ئایدیۆلۆژیا شمولییه‌كان له‌مێژووی هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تیدا، زۆر هۆكاریان هه‌بوو، به‌ڵام هۆكاره هه‌ره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پیرۆزكران، مرۆڤیان بۆ كرایه به‌نده‌یه‌كی گۆشكراو و گوێڕایه‌ڵ و شوێنكه‌وتوو، له‌ده‌ستكاریكردن و پێشخستن و كرانه‌وه‌ش دوورخرانه‌وه. له‌وانه‌ش خراپتر خرانه سه‌روو واقیع و سه‌روو ڕه‌خنه‌وه، لە کۆمەڵێک ئەزموونیشدا تەواو کورتبوونەوە لە حیکایەتی پیاهەڵدان بە دەوڵەت و سەرۆکدا، بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه ئایدیۆلۆژییه تۆتالیتارییانه‌دا مرۆڤ ده‌بوایه له‌گه‌ڵ ئه‌مر و نه‌هیی ئایدیۆلۆژیاكاندا بڕوات نه‌ك ئایدیۆلۆژیاكان له‌گه‌ڵ پێویستی و ئیراده‌ی مرۆڤدا بڕۆن.
بایه‌خدان به فكر، به‌و مانا كراوه و گۆڕاو و نوێكراو و ڕیفۆرمخوازه، مه‌رجی ده‌ربازبوونه له دۆگمای ئایدیۆلۆژیا. فكر، به‌و باكگراوه‌نده مه‌عریفی و وه‌زیفه عه‌قڵییانه‌وه، زۆرجار ده‌توانێت كۆمه‌كی هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی ئایدیۆلۆژیی بكات كه بیه‌وێت زانستییانه‌تر و چالاكانه‌تر به‌رنامه‌ی سیاسیی خۆی بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆز و پرس و قه‌یرانه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كانی كۆمه‌ڵگا دابڕێژێت.
له‌م باره‌دا ئێمه ده‌بێ بزانین شكستی هه‌ر ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو له‌وه‌ی كه خۆی له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕووداو و پێدراوه تازه‌كاندا نوێ بكاته‌وه، پێش هه‌ر شتێك شكستی مرۆڤه له بیركردنه‌وه‌دا، كورتهێنانێكی فكرییه له خوێندنه‌وه‌ی واقع و ڕووداوه‌كانی ناوی، عه‌جزی عه‌قڵه له‌بینینی پێدراوه تازه‌كان و پێداویستییه گۆڕاوه‌كانی ئینسان و كۆمه‌ڵگا و جیهان.
ئێمه ده‌بێ بزانین ئه‌و كاته‌ی فكر ئاماده‌گیی هه‌یه، ژیانیش به‌مانا و به‌هادارتر ده‌بێت، له‌وه‌ش نزیك ده‌بینه‌وه كه تێبگه‌ین ئێمه له‌پێناوی چیدا هه‌ین؟، بۆچی ده‌ژین و ئامانجمان چییه.؟
…………………….
توێژەر لە ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی ACNS
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *