ماددەی (١٢) کە دوێنێ پەسەندکرا چی تێدایە بۆ مووچەخۆران وخانەنشینان و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان؟، و لە کەیەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن؟، چۆن مقاصە دەکرێت بۆ مانگەکانی ڕابووردوو؟
ئامانج ڕەحیم – سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران
بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی ١٢ ی یاسای بودجە کە دوێنێ ئەو ماددەیە پەسەندکرا، تەرخانکراویی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان وپێشمەرگەی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٣ دەکاتە (١٠ ترلیۆن و ٨٦٧ ملیار دینار)، ومانگانە دەکاتە بڕی ٩٠٦ ملیار دینار، ئەمە لە حاڵەتێکدا ئەگەر تەواوی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە ڕەوانە بکرێت وهەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، و بەم شێوەیە:
١- بڕی ٩ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار لە چوارچێوەی (النفقات الجارية) بۆ مووچەی ٦٨١ هەزار و ٩٧٩ فەرمانبەری هەرێم تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە ٧٧٥ ملیار دینار.
٢- بەپێی مادەی (١٠/ دووەم) و مادەی (١١/ دووەم-ه)، بڕی ١ ترلیۆن و ٣٤٦ ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێم تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی ١١٢ ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەمی کردووە بە بڕی ٥٥٥ ملیار دینار.
٣- مووچەی پێشمەرگە:
٢٢٨ ملیار و ٣٠٤ ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان بۆ یەک ساڵ لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخانکراوە لە چوارچێوەی خەرجی سیادیی، کە مانگانە دەکاتە ١٩ ملیار دینار مانگانە، کە ئەم بڕگەیە لە ڕووی قانونیشەوە دان پێدانانە بەوەی کە پێشمەرگە دامەزراوەیەکی بەرگریە.
تەمویلی مووچەی مانگی ٤ لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێم ٩١٢ ملیار دینار بووە، بۆیە ئەگەر مانگانە شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگە ١٠٠٪ لە لایەن بەغداوە خەرج بکرێت، لە سەرتاسەری هەرێم عجزێکی زۆر کەم بە بڕی ٧ ملیار دینار دروست دەبێت مانگانە کە پڕکردنەوەی بە داهاتی ناوخۆ ئاسانە.
و لە بڕگەی نۆیەم لە ماددەی ١ لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی ژمارە ٦ ساڵی ٢٠١٩ و هەروەها ماددەی ٦٦ ی یاسای بودجە هاتوە کە یاسای بودجەکە لە ١-١-٢٠٢٣ ەوە جێبەجێ دەکرێت نەک لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی یاساکە لە وەقایعی عێراقی، واتە یاسای بودجە (أثر رجعي) هەیە .
بەم شێوەیە، هەرێم تەنها بۆ مووچە شایەنی پێدانی٩٠٦ ملیار دینارە مانگانە لە ١-١-٢٠٢٣ەوە بەڵام ئەوەش دوای داشکاندنی ئەمانەی خوارەوە لەم ٩٠٦ ملیار دینارە:
- داهاتی بەدەستهاتووی نەوت ١-١-٢٠٢٣ ەوە تا ڕۆژی ٢٥-٣-٢٠٢٣ کە ڕۆژی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمە.
- نیوەی داهاتی دەروازە سنووریەکانی هەرێم لە ١-١-٢٠٢٣ەوە.
- ئەو ٨٠٠ ملیار دینارەی بە شێوازی قەرز تا ئێستا لە لایەن بانکەکانی (تی بی ئای، ڕەشید، ڕافیدەین) بۆ هەرێم خەرجکراوە.
- قیستەکانی بانکی تی بی ئای لە ١-١-٢٠٢٣ ەوە.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *