ئیبراهیم عەباس
ئەو زمانەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ئێستا دا قسەی پێدەکات، لەوە بگەرێ هیچ ئەتەکێتێکی سیاسی، پیاوی دەوڵەت و حوکمڕانی، مرۆڤی ژیر و پێگەیشتووی تێدا نییە، زمان و شێوازێکە پڕە لە تەشهیر، لە بوختان، ناڕاستی. ئەتکێتێکی تازەی سیاسییە لە مرۆڤی هەریج نەبێت لەهیچی تر ناکات.
پرسیارە جەوهەریکە ئەوەیە غروریەکە سەرچاوەی چییە، وا ئەو مرۆڤەی کردۆتە سیاسییەکی هەڕیجی بازاڕی؟ ئەو کە رۆژگارێک لەپەنای پشتگیری گەنجان، پشتیوانی پڕۆژەی بەسودو بایەخدار، دۆزینەوەی بزنس و کارو کاسبی رووی خۆی نیشاندا، بۆچی لەپڕ پشتی کردە ئەو هەموو بەڵێنانە زۆرانە، بۆچی کاتێک چاوی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لەسەر سلێمانی نەما لەپەنای رەتکردنەوەی ریفراندەم هاتە کایەی سیاسی؟! ئەو غرورە چییە گرتوویەتی، کە بەو زمانە لوسە فیرودەرانە، بەڵێنی بردنمان بەرێگای جەهەندەمدا بۆ بەهەشت پێدەدات؟! هەرکەسێکیش رێگای جەهەندەمی لەگەڵ نەگرێت بە خەیاڵی بەهەشت، راستەوخۆ دەیکاتە، دوژمن، جاسوس، خۆفرۆش و دەیان ناتۆرەی تر.
ئەو رۆژگارەی شاسوار شانسی بوونە بزنسمانی بۆ رەخساوە، رۆژگارێک بوو کە یەکێتی دەیویست لە ئاواکاری روکەشدا کێبڕکێ پارتی لەهەولێر بکات، هەرچی باڵە جیاوازەکانی یەکێتیش بۆیان کرد بەپێدانی زەوی زۆرو بێ پارەو چەندان پڕۆژەی گەورە، تەنانەت پشتگیری بۆ دروستکردنی دامەزراوەی نالیا، بۆ ئەوە بوو روی دیموکراسیەتی یەکێتی نیشان بدرێت، بەڵام هەر زوو شاسوار لەژێر کۆنتڕۆڵیان دەرچوو، لەبەر ئەم هۆکارەش لەگەڵ یەکەم خۆپیشاندانی 17 ی شوبات بەبڕیاری خودی تاڵەبانی نالیا سوتا، بەڵام هەر یەکێتی خۆیان لە کابینەی شەش لەسەر بودجەی گشتی قەرەبوویان کردەوە.
بێ دیسپلینی یەکێتی شاسواری لە کادرێکی حزبەکەی خۆیانەوە، کردە بزنسمانێکی گەورەی شار، بەڵام ئەوەی شاسوار بەدەستی هێنا هەمووی خەڵاتی یەکێتی نەبووە، لەبەر ئەم هۆکارەش پێش نەوەی نوێ لە یەکێتی بێمنەتی نواندووە، لەسەر ئەمەش باجی داو تەقەیان لێکرد، بەڵام کە خۆی بووتە حزب و حسانەی سیاسی هەیە، غرورێک گرتوویەتی کەوتۆتە بێ منەتی و گەر بەڕاستیش هێندە هەریج نەبوایە، هەقی بوو، چونکە بەڕاستی سیاسییە باڵاکانی ئەم هەرێمە پیاوی بێ شەرمی سیاسین و دژی میللەتەکەی خۆیانن و کار بۆ بەرژەوندی خۆیان و کوڕو بنەمەڵەکانیان دەکەن، نەک خەڵکی کوردستان.
شاسوار بۆ غرور نەبێت کە تەنها لەبەر ئەوەی NRT هەیە و دەتوانێت دەنگی خۆی بگەیەنێتە ناو خەڵکی، هەر تێکۆشان، هەوڵ و هیمەتی سەدان و هەزار کەسی ناو هەرێم و دەرەوە بۆخۆی دەبات و دونیا دابەشی پێش دروستبوون ودوای دروستبوونی نەوەی نوێ دەکات، لەوەش ناخۆشتر هەر کەسێک بڵێت ئەوەتا ئەوە ئێمەش لەبەغدا، یان لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەمەمان کرد، بێ هیچ گومانێک دەیکاتە جاسوس و پیاوی یەکێتی و پارتی، لەوەش کارەساتر دەڵێت بەپارە ئەم کارانە بۆ یەکێتی و پارتی دەکەن؟! شاسوار عەبدولواحید چونکە لە بازاڕی دەڵاڵخانەکەی سلێمانی بە شریت و سیدی فرۆشتن و بەکرێدانی ناشیاو کەمێک پارەی رۆژگاری نەوەدەکانی بەدەستهێناوە، پارەیەک کەهەر شەرمە باسی بکرێت، چونکە ئەوە هیچ حەرامه، لەگەڵ دابی کۆمەڵایەتیش نەگونجاوە، ئینجا ئەو هەموو شتێک دەباتەوە سەر پارە، لەوەش کارەسات تر، پارە قەبەکەی ئەم رۆژگارەی بە فێڵی هاوبەشبوون لەپڕۆژەی چاڤیلاند لەخەڵکی هەرێم کۆکردەوەو قەرزی خەڵکە، کۆشک و تەلاری پێ بنیاتانەوە، بێ ئەوەی یاسا گوێ بەناڕازیبوون مافخوراوەکان بدات، وادەزانی هەموو کەس لەم گەندەڵستانەی پارتی و یەکێتی بەقەدەر ئەوی پێ بڕاوە..
گەندەڵی و فەسادی ئیداری پارتی و یەکێتی، گەیشتۆتە قۆناغێک خەڵک متمانەی بە هەموو شتێکی هەرێم لاواز بووە، لەو سەریشەوە شاسوار دێت غرور دەیگرێت پاڵەوانبازی دەکات، ناهەقی و زێدەڕۆی دەکات. ناهەقیەک ئەوپەڕی خزمەت بە یەکێتی و پارتی و ئەو دەسەڵاتە لەرزۆکە دەکات، چونکە دەرکەوتنی ئەو وەکو تاکە بەدیلی سیاسی، خەڵکی لە بەشداری سیاسی، بەشداری هەڵبژاردن ساردەکاتەوە.
ئاخر لە هەرێمێک کە خەڵکی رووبارێک خوینیان بەخشیووە، بەدەستەجەمعی بەشداری سیاسیان کردووە، ناڕازین لە دۆخی بەرێوەبردن، تێکۆشان بۆ گۆڕانکاری بەردەوامە، ئەو غرورەی شاسوار چەندە بێ منەتیە لەجەبەڕوتی پارتی و یەکێتی، چونکە زەمانەتی سیاسی بۆ دروستبووە و ناترسێ نالیا بسوتێنرێت یان تەقەی لێبکرێت، هێندەو زیاتر بێ ئومێدکردنی خەڵکی سەنگینی کوردستانە، لەسیاسەتی هەریجانەی شاسوار عەبدولواحید، کە هیچ کەسێکی ژیرو سەنگین ناتوانێت لەگەڵی بێت، بە کەسانی فوتێکراوی زۆر ئاست نزم، سیاسەت و یاری دەکات. یاریەک خەڵک لە هەموو شتێک نائومێد دەکات.
Leave a Comment
Your email address will not be published. Required fields are marked with *